دژە تیرۆر و هاوپەیمانان لە چەمچەماڵ سێ چەتەیان دەستگیر کرد

ناوەندی هەواڵەکان

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی دژه‌ تیرۆر (CTG) ڕایگه‌یاند، له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ شارۆچکەی چه‌مچه‌ماڵ “سێ تیرۆریست ده‌ستگیر كران” كه‌ پێشینه‌ی كاریان له‌ناو ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كاندا هه‌بووه‌ و سه‌رجه‌میان خه‌ڵكی شاری موسڵن.

لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی دژه‌ تیرۆر (CTG)، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە لەگەڵ دیمەنی ئۆپەراسیۆنەکە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی دژە تیرۆر (CTG):

پاڵپشت بە زانیاری ھەواڵگری دروست و وورد و چاودێری بەردەوامی ھێزەکانی دژەتیرۆر، دوای وەرگرتنی فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، شەوی ٠٥-٠٥-٢٠٢٤ بە فڕۆکەی تایبەتی بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر، بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەھاب ھەڵەبجەیی بەڕێوبەری گشتیی دژەتیرۆر، ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەش لە نێوان ھێزەکانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر و ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش ئەنجامدرا.

لەو ئۆپەراسیۆنە تایبەتەدا تواندرا ٣ تیرۆریست لە سنووری چەمچەماڵ دەستگیر بکرێن.

تیرۆرستانی دەستگیرکراو بەناوەکانی (ع،ە،ن) لەدایکبووی ١٩٩٦، (ع،ا،ح) لەدایکبووی ٢٠٠٠، (م،ح،م) لەدایکبووی ١٩٨٦ کە سەرجەمیان خەڵکی موسڵن و پێشینەی کاریان لەناو ڕێکخراوە تیرۆرستییەکاندا ھەبووە و لە سنووری چەمچەماڵ نیشتەجێبوون.

پاش دەستگیرکردنیان، دەستبەجێ ڕادەستی یاسا کران بە مەبەستی سزادانیان.

ب.گ

Comments are closed.