قوباد تاڵەبانی: پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە هێرشە درۆنییەکەى سەر کۆرمۆر بکرێت

ناوەندى هەواڵەکان

جێگری سەرۆکی حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ئەو هێرشە درۆنییەی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئیدانە دەکەم بە توندی، داوا لە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم دەکەم، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد دەست پێبکەن و ڕێکاری جدی بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە.

قوباد تاڵەبانى جێگری سەرۆکی حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان لەبارەى هێرشکردنە سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو هێرشە درۆنییەی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە توندی ئیدانە دەکەم و خەمبار بووم بە گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەند کارمەندێک لە ئاکامی هێرشەکەدا.

ئاماژەى بەوەشکردووە، داوا لە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم دەکەم، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد دەست پێبکەن و ڕێکاری جدی بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە.

جێگەى ئاماژەیە، کاتژمێر ٦:٥٠ خولەکى ئێوارەی دوێنێ لە رێگەی دوو درۆنەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەوهۆیەوە چوار کەس، کە بەڕەگەز یەمەنین گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.

ئ.م

Comments are closed.