ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەکەی بەڕازیلەوە گەیشتە ١٠٠ کەس

ناوەندی هەواڵەکان

بەرگری شارستانی بەڕازیل ڕایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە لە وڵاتەکەیان ئاماری گیان لەدەستدان بۆ ١٠٠ کەس بەرزبووەتەوە و ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێشتا ١٢٨ کەسی دیکە بێسەروشوێنن.

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی ناوخۆیی بەڕازیل، ئەمڕۆ ڕۆژی چوارشەمە، ڕایگەیاند ژمارەی قوربانییان بەهۆی بارانێکی بەخوڕ کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ویلایەتی ڕیۆ گراندی بەڕازیلی گرتووەتەوە، بۆ ١٠٠ کەس بەرزبووەتەوە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێشتا ١٢٨ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

بەشی فریاگوزاری وڵاتەکە بۆ گواستنەوەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی لافاوێکی وێرانکەرەوە گیریان خواردبوو، لە ڕۆژی سێشەمەوە لە سەرانسەری ویلایەتی ڕیۆ گراند لە باشووری بەڕازیل دەستیان داوەتە هەڵمەتێکی چڕ و پڕ.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لافاوێکی گەورە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ، زیاتر لە دوو لەسەر سێی نزیکەی ٥٠٠ شاری باشووری ویلایەتی ڕیۆ گراندی گرتووەتەوە، کە دەکەوێتە سنووری بەڕازیل لەگەڵ ئۆرۆگوای و ئەرجەنتین و ١٥٥ هەزار کەسیش بێ ماڵ و حاڵ بوون.

لافاوەکە بووەتە هۆی وێرانبوونی ڕێگاوبان و پردەکانی شارە جیاجیاکان و ئاستەنگی لە هەوڵەکانی ڕزگارکردن درووستکردووە و هێشتا دەیان کەس چاوەڕێی ئەوەن بە بەلەم یان کۆپتەر لە ماڵە زیانلێکەوتووەکانەوە بگوازرێنەوە.

ب.گ

Comments are closed.