ناوەندی هەواڵەکان
یۆنامی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد و ڕایدەگەیەنێت، پێویستە لێکۆڵینەوە بە مەبەستى دەستنیشانکردنی ئەنجامدەران و دادگاییکردنیان ئەنجام بدرێت.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق – یۆنامی، لە بارەی هێرشە درۆنییەکەی ئێوارەى دوێنێ بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و کوژرانی چوار هاوڵاتیی یەمەنی، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی یۆنامییدا هاتووە، ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەین، کە کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
دەشڵێن، سەرخۆشیمان بۆ خانەوادەی کوژراوان و هیوای هەرچی زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئاماژەیان بەوەشداوە، پێویستە لێکۆڵینەوە بە مەبەستى دەستنیشانکردنی ئەنجامدەران و دادگاییکردنیان ئەنجام بدرێت.
ئێوارەی دوێنی، بە فڕۆکەی خۆکوژیی چەند جارێک کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری شارەدێی قادر کەرەمی سەربە شارۆچکەی چەمچەماڵ بۆردوومان کرا، بە هۆیەوە چوار کارمەند کوژران و چوارى دیکەش برینداربوون، هەروەها لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا ئەمە هەشتەمین جارە بۆردوومانی کێڵگەکە دەکرێت.
ب. جـ
Comments are closed.