سەلام عەلی: گەل ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری دژی داگیرکارییەکانی تورکیا- بەشی یەکەم

گەرمیان

هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر گەلی کورد بەردەوامە، کە تێیدا خەڵکی مەدەنی بە ئامانج دەگرێت بە مەبەستی قڕ کردنی گەلی کورد، ئەندامێکی کەنەکەش دەڵێت: ئامانجی دەوڵەتی تورک سڕینەوەی گەلی کوردە بێ جیاوازی، لە ئێستاشدا گەلی کورد ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر هەموو ناوچەکانى کوردستان، ئامانج لەو هێرشانەش سڕینەوەی گەلی کورد و بێ ئیرادەکردنێتی، ساڵانەش چەندین شوێنی مەدەنی بۆردوومان دەکات و خەڵکی مەدەنی شەهید دەکات، بەڵام گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و خەڵکی ئازادییخواز شکستیان بە هەموو هەوڵە داگیرکارییەکان هێناوە.

لەبارەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردان و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی و ئازادیی جەستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، سەلام عەلی، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و بە دوو بەش بڵاودەبێتەوە.

سەلام عەلی، لەبارەی ئامانجی دەوڵەتی تورک لە هێرش و داگیرکارییەکانی بۆسەر گەلی کورد وتی: هێرشەکانی دەوڵەتی  داگیرکەری تورک بۆسەر هەموو کوردستانە، ئامانج لەو هێرشانەش لەناوبردنی گەلی کوردە، چونکە ئەو نایەوێت هیچ کوردێک بە زیندوویی بمێنێتەوە، دەبێت هەموو کورد لەمە تێبگات، بەڵام گەریلاکانی ئازادیی کوردستان هەمیشە شکستیان بەو هێرشانە هێناوە، سەرەڕای هاوکارییەکانی ناتۆ بۆ دەوڵەتی تورک.

لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستان وتیشی: دەوڵەتی تورک هەرکات بۆی بڕەخسێت ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات و تیرۆرمان دەکات، بینیمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی سیخوڕییەکانیانەوە بە درۆن هێرشیان کردە سەر کەلار، شیلادزێ، شنگال و سلێمانی، دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانیش بەرپرسیارن لەم هێرشانە، چونکە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە زانیاری دەدرێت بە دووژمن.

 سەلام عەلی، سەبارەت بە وتووێژەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ باشووری کوردستان و عێراق ئاماژەی بەوەکرد، دەسەڵاتدارانی تورک ئێستا وتووێژەکانیان چڕ کردووەتەوە لەگەڵ پارتەکانی باشووری کوردستان، بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بدەن بە ئۆپەراسیۆنەکانیان، پێم وایە یەنەکە لە هێڵە نەتەوەییەکەی لانادات و ڕەتیدەکاتەوە، دەوڵەتی عێراق ئەگەر بێدەنگیش بێت بەشدار نابێت، بەڵام پەیوەندییەکانی پەدەکە و تورکیا جێی سەرزەنشتکردنە.

لە بارەی هەڵوێستی گەلی کورد بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان وتی: بزووتنەوەی ئازادیی خۆی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەکردووە، بۆیە هەر ئۆپەراسیۆنێک بۆسەر کوردستان، دەبێتە گۆڕستان بۆیان، هەروەها گەلی ئێمە ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارییە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، هەروەک چۆن ڕووبەڕووی داعش بوونەوە هاوشانی پێشمەرگە، کە درووستکراوی دەوڵەتی تورک بوو.

لەکۆتاییشدا وتی: بانگەشەکانی ئەردۆغان بۆ غەزە ناڕاستن و هەمووی خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، دەبینین خودی ئەردۆغان خۆی ‌کورد کۆمەڵکوژ دەکات، هێرش دەکاتە سەر شوێنە مەدەنییەکانی ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان، داواکاریشم وەک گەلی کورد خۆمان بۆ پێشهاتەکان ئامادە بکەین و بەرەیەکی نەتەوەیی درووستبکەین، نەک ببینە بەشێک لە داگیرکاریی و خیانەت.

ب. جـ

Comments are closed.