مەحموود عوسمان: تورکیا تیرۆرستە و باوەڕی بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد نییە

هەولێر

دەوڵەتى داگیرکەری تورک لەگەڵ پەدەکە، پیلانگێڕییەکی نوێیان بەدەستەوەیە لە دژی گەلی کورد و باشووری کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا بەرپرسانى باڵای دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە بەغدان، مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری کورد دەڵێت: کورد کە بەرگری لەخۆی دەکات بە تیرۆرستی دەزانن، بەڵام بەڕاستی تورکیا تیرۆرستە و باوەڕی بەچارەسەرکردنى کێشەى گەلی کورد نییە.

ساڵی٢٠٢٤  دەوڵەتی داگیرکەریی تورک هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان چڕ کردەوە و بە چەکی کیمیایی و درۆن و هەموو جۆرە چەکێکی لەسەر گەلی کورد تاقیکردەوە، ئێستا ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە بە هاوبەشی و شەریکی پەدەکە پیلانگێڕییەکى نوێیان بەدەستەوەیە، بۆ ئەوەش ماوەی دوو ڕۆژە وەزیرانى دەرەوە و بەرگری و سەرۆکی میت لە بەغدان و دەیانەوێت عێراقیش بخزێننە ناو ئەو پیلانگێڕییەوە.

لەم بارەیەوە د.مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری کورد لە باشووری کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

” هێرشەکانی تورکیا بۆ دژایەتیکردنی گەلی کورد و مرۆڤایەتی و یاساکانی نێودەوڵەتە”

د. مەحموود عوسمان لەگەڵ ئەوەی ئیدانەی هێرش و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات و دەڵێت: هێرش و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دژایەتیکردنی گەلی کوردە و دژایەتی مرۆڤایەتی و یاساکانی نێودەوڵەتە، چونکە تورکیا سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان دەبەزێنێت.

“کورد کە بەرگری لەخۆی دەکات بە تیرۆرستی دەزانن، بەڵام بەڕاستی تورکیا تیرۆرستە، چونکە بە فڕۆکە تۆپبارانی گەلی کورد دەکات”

وتیشی: هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا دەرخەری ئەوەیە ئەم دەوڵاتە باوەڕی بە چارەسەرکردنی کێشە گەلی کورد نییە، گوێ لە داخوازیەکانی کورد ناگرن، بۆیە ڕۆژانە کورد بە ئامانج دەگیرێت و دەکوژرێت، لە کاتێکدا گەلی کورد بەرگری لە خۆیان دەکەن بە تیرۆست ناودەبرێن، بەڵام لە ڕاستیدا دەوڵەتی تورکیا تیرۆرستە، چونکە رۆژانە بە فڕۆکە تۆپبارانی گەلی کورد دەکرێت.

” نەبوونی یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان لە سوودی دووژمنان دایە”

ئەو سیاستەمەدارە باسی لەوەشکرد: دەوڵەتی تورکیا  بە بیانوویی هەبوونی پەکەکە  لە خاکی کورستان، ڕۆژانە هاوڵاتییانی مەدەنی و گوند و ڕەز و باخی هاوڵاتییان بە ئامانج دەگرێت، ئەمەش جێگای قبوڵکردن نییە، هەروەها نەبوونی یەکدەنگی لایەنە کوردییەکان زیان بە دۆسێیەی گەلی کورد گەیاندووە، چونکە نەبوونی یەکڕیزی لە سوودی دووژماناندایە، بە پێویستی دەزانێت یەکدەنگی و یەکگرتوویی لایەنەکان هەبێت دژ بە دووژمان.

لە کۆتاییدا  مەحموود عوسمان، داواکارە یەکگرتوویی گەلی کورد لە بەرامبەر دووژمنان هەبێت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هێرش و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکیا بەبینەوە، هەروەها گەلی کورد بەیەکەوە هەڵوێست بنوێنێت و کۆمەڵگای نێودەڵەوتی، لەسەر تۆپبارانەکان بهێنە دەنگ بۆ ئەوەی  لە ڕێگای فشار خستنە سەر دەوڵەتی تورکیا کۆتایی بە هێرش  و تۆپبارانەکان بهێنیت بۆ سەر خاکی کوردستان.

هـ.ح

Comments are closed.