“فکری ڕێبەر ئاپۆ بووەتە پرۆژەیەکی سیاسیی و فکریی بۆ گەلان” -بەشی دووەم

سەلمان عوسمان

٢٥ ساڵ پێش ئێستا ڕێبەر ئۆجالان، بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی ڕفێندرا، پیلانگێڕییەکە بە مەبەستی بەردەوامیدانە بەو سیستەمی سەرمایەدارییەی، کە ئەمڕۆ مرۆڤایەتی هاڕیوە، ئەندامێکی کەنەکەش لەوبارەوە دەڵێت: ئێستا فکری ڕێبەر ئاپۆ بووەتە پرۆژەیەکی سیاسیی و فکریی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلان، هەربۆیە هەموو ئازادییخوازانی جیهان داوای ئازادیی ئەو ڕێبەرە دەکەن.

لە ١٥ـی شوباتی ساڵی ١٩٩٩، لە پیلانگێرییەکی نێودەوڵەتییدا، کە بەریتانیا داڕێژەر و ئەمریکا و ئیسرائیل جێبەجێکار، ڕێبەری گەلی کورد “عەبدوڵا ئۆجالان”ـیان ڕفاند و ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا و لە زیندانی ئیمرالی گۆشەگیر کرا، ماوەی نزیکەی ٣٦ مانگیشە گۆشەگیریی لە دژی بەڕێوەدەچێت و ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادرێت سەردانی بکەن.

لەبارەی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی و ئازادیی جەستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، سەلام عەلی، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

سەلام عەلی، لە بارەی وڵاتە بەشداربووەکانی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی وتی: ئەو پیلانگێڕییەی ٢٥ ساڵ پێش ئێستا ئەنجامدرا، بە تەنها لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەنجام نەدرا، بەڵکو هەموو وڵاتانی ناتۆ بەشداربوون، ولاتانی دەرەوەی ناتۆش بێدەنگیان هەڵبژارد بەرانبەر ئەو تاوانە گەورە، کە دژ بە ڕێبەری گەلی کورد ئەنجامدرا و مەسەلەی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسییان بن پێخستووە.

لە بارەی هۆکاری پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیش وتی: هۆکاری ئەو پیلانگێڕییە ترس بوو لە هزری ڕێبەر ئاپۆ، چونکە فکرەکەی، جگە لە کوردستان لە ئەمریکای لاتین، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەوروپا و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان جێگەی خۆی گرتبووە و ببووە پرۆژەیەکی سیاسیی و فکری لای ئەو پارتە بەرهەڵستکارانەی، کە لە دونیا سەریانهەڵدەدا دژی داگیرکاریی، بۆیە داگیرکەرانیش ئەمەیان بە مەترسی دانا و ئەو پیلانگێڕییەیان ئەنجامدا.

ئەو ئەندامەی کەنەکە لە بارەی فکری ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری کێشەکانی گەلان ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت بە گرنگییەوە لەو پەیام و نوسینانەی ڕێبەر ئاپۆ بڕوانین، کە لە زیندان ناردوویەتییە دەرەوە، ئەو پەیامانە ترسی لای داگیرکەران دروستکردووە، چونکە بووەتە فکرێک بۆ پرسی چارەسەری کێشەی گەلان، لە ئێستاشدا لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەو فکرە جێبەجێدەکرێت بۆ هەموو گەلان، تەنانەت وەک پرۆژەیەکی چارەسەریی لای هەموو ئازادییخوازانی جیهان سەیردەکرێت.

لە بارەی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و هەوڵەکانی گەل لەو پێناوەدا وتی: بە داخەوە  دوای ٢٥ ساڵ لە دەستگیرکردنی ئەو بیرمەندە، هەموو جیهان خۆی لە ئاستی ئەو تاوانە کەڕ کردووە، بۆیە دەبێت دەنگی هەموو ئازادییخوازانی جیهان و گەلی کورد یەک بخەین و ناڕەزایی دەرببڕین بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و خۆمان بۆ پێشهاتەکان ئامادە بکەین.

ب. جـ

Comments are closed.