فەرهاد سەنگاوی: ئۆجالان هەر بە جەستە لە زیندانە و پرسی کوردی بە جیهانی کردووە

سلێمانی

فەرهاد سەنگاوی پێشمەرگەی دێرین لە بارەی زیدانیکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەڵێت: عەبدوڵا ئۆجالان تەنها بە جەستە لە زینداندایە، فکر و فەلسەفەکەی ئازادە، بۆیە ئەو یەکێکە لە گرنگترین و گەورەترین سەرکردەکانی کورد و توانیویەتی پرسی کورد بە جیهانی بکات.

زیاتر لە ٢٥ ساڵە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پیلانگێڕییەکى نێودەوڵەتیدا ڕفێندرا و لە ئیمرالی زیندانی کرا، ئێستاش زیاتر لە ٣٦ مانگە لە گۆشەگیرییەکى توند دایە و ڕێگە بە هیچ کەسێک لە خانەوادەکەی و پارێزەرەکانى سەردانى بکەن، ئەو لەماوەى ئەو ٢٥ ساڵەدا تەنیا بە جەستە لە زیندانە، بەڵام فکر و تێڕوانینەکانى لەسەرانسەری جیهان ئازادانە چووەتە بیرو هزری ملیۆنان کەسەوە.

فەرهاد سەنگاویی پێشمەرگەی دێرین و کەسایەتى دیاری باشووری کوردستان سەبارەت بە ڕۆڵ و فکری ڕێبەری ئۆجالان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

” عەبدوڵا ئۆجالان گەورەترین سەرکردەی کوردە کە پرسی کوردی بەجیهانی کردوە”

فەرهاد سەنگاوی دەڵێت: عەبدوڵا ئۆجالان، یەکێکە لە گەورەترین ڕێبەرەکانی گەلی کورد و کوردستانی گەورە، سەرۆک ئۆجەلان گرنگترین و گەورەترین سەرۆکی کوردە توانیویەتی لە سەرانسەری جیهان و کوردستان هێزی گەورە درووست بکات و پرسی کورد بە جیهانی بکات، عەبدوڵا ئۆجالان دەتوانێت کاریگەری زۆر گەورە دروست بکات، لەسەر  پرسی چارەسەری گەلی کورد، سەرۆکێکی گەورەیە و خاوەنی فکر و ئایدیایە و خاوەنی چەندین کتێبە.

“ئەو کوردانەى دەوڵەتى تورک پێیدەوتن تورکی شاخی، ئۆجالان هەمووی کردوە بە شێری چیاکان”

وتیشی: بەجۆرێک ڕۆژانێک بوو کورد لە باکووری کوردستاندا، لەناو دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا پێیان دەوتن تورکی شاخین، بەڵام عەبدوڵا ئۆجالان هەمووی کردووە بە شێری چیاکان، بە دڵنیایەوە دەوڵەتی تورک لێی دەترسن و بە مەترسی دایدەنێن بۆسەر دەسەڵاتەکەیان، بۆیە زیندانی دەکەن و نایانەوێت دەنگی ئۆجالان بگاتە گەل.

فەرهاد سەنگاوی، باسی لەوەشکرد، پێویستە گەلی کورد، بەتایبەت برایانی پەکەکە ئەو حیزبەی کە تا ئێستا خەبات و تێکۆشانی باشیانکردووە، هەوڵی باشترکردن و زۆر هۆشیارتر و زۆر گونجاوتربن لەگەڵ میللەتەکەی خۆیان و هێزە نیشتیمان پەروەرەکانی تردا، کە هێزی نیشتیمانپەروەری تر وەک هەدەپە و پەیەدە و یەنەکە حزبی دیموکرات و پژاک و کۆمەڵەمان هەیە لە بیریان نەچێت ئەمانە هێزی نیشتیمان پەروەرن.

“پێویستە گەلی کورد گوشاری زیاتر دروست بکەن بۆ ئازادکردنى ئۆجالان”

سەبارەت بە خیانەتى ناوخۆیی بەرامبەر گەلی کورد، سەنگاوی باس لەوە دەکات، کەم و کورتی هەیە لە هەموو شوێنێک، بەڵام هێشتا ئەمانە هێزی نیشتیمانین و هێزی بەکرێگیراو نین، ئەم هێزانە پێویستە ئاگایان لە یەکتر بێت و بەوشێوە خەباتانە و وریایانە دەتوانن خزمەتی گەلی کورد بکەن و گوشارێکیش درووست بکەن، کە بەڕێز ئۆجەلان ئازاد بکرێت لە ناوەندی نێودەوڵەتى لە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەڵەتیدا، ئەمانە هەمووی کاری لەسەر دەکرێت بە هەموو ڕێگاکانی میدیا و سیاسەتکردن و فکر و لۆبیکردن.

ئەو پێشمەرگە دێرینە جەخت لەوە دەکاتەوە، ڕاستە ئۆجالان لە زینداندایە، بەڵام بیر و مێشکی ئازادە، ڕاستە ئۆردۆغان سەرۆکە و لە دەرەوەیە و هەموو جیهان دەگەڕێت، بەڵام بیری بۆ خۆی زیندانێکە بۆ خۆی ناتوانێت بیری گەشە بکات و ناتوانێت بیری ئازاد بێت.

” سەرۆک ئۆجالانم خۆش دەوێت و سەرۆکێکی مەزنی کوردە”

لەکۆتایی قسەکانیدا فەرهاد سەنگاوی  ئەوە ڕووندەکاتەوە، لە ڕاپۆرتێکی ئەمریکیدا، باس لە پرسی پەکەکە دەکات و تێیدا هات بوو، کە پەکەکە هیچ جێگەی مەترسی نییە و پەکەکە تیرۆریست نییە، وردە وردە دەبێت ئەمانە گەشەی پێبدرێت، دەشڵێت: سەرۆک ئۆجالان من خۆشمەوێت و چەندین جاری بەرگریم لێکردووە و سەرۆکێکی مەزنی گەلی کوردە.

نزیكەی سێ ساڵە، گۆشەگیرییەكی توند لە دژی ڕێبەری گەلی كورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالی بەڕێوە دەچێت، ڕێگە بە پارێزەران و خانەوادەكەی نادرێت چاویان پێی بكەوێت، تا ئێستاش هیچ زانیارییەك لە بارەی دۆخی تەندروستییەوە نازانرێت، هاوكات لە جیهاندا كامپینی “ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسیی بۆ پرسی كورد” بەڕێوەدەچێت.

هـ.ح

Comments are closed.