ڕزگارکردنی شنگال لە خیانەتێکی گەورەوە بەرەو بەرخۆدانێکی مێژوویی -٢

شنگال

ناوەندی شنگال لە ئەنجامی ۱۱ مانگ لە شەڕ و بەرخۆدان، لە ژێر فەرماندەیی عەگید جڤان و بە بەشداری ۹۰۰ گەریلا و شەڕڤانی ئازادیدا و بە شەڕێکی سنگ بە سنگ و ماڵ بە ماڵ ڕزگار کرا، پەدەکە کە بە خیانەتێکی گەورە شنگالی ڕادەستی داعش کرد، ئێستا دەیەوێت خۆی بکات بە خاوەنی ئەم هەنگاوە پیرۆزە.

ئازادکردنی شەنگال هەنگاوێکی مێژوویی و ستراتیژی بوو، هەم لە ڕووی مێژووی ئێزدایەتیەوە و هەمیش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سیاسەتی ناوچەکە دانا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیویست لەسەر دەستی داعش و پەدەکە خەونی عوسمانی نوێ بەدی بهێنێت، لە موسڵەوە بۆ ڕەققە و حەلەب بە دەستی داعش فەتح بکات و بگاتە خەونی سەت ساڵەی، شەنگال شوێنێکی زۆر گرنگە کە موسڵ-ڕەققە-حەلەب و شام دەگەیەنێت بەیەک، شکاندنی داعش گورزێکی گەورەبوو لە سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

ئامادەکارییەکان بۆ شەڕی شارەکە بە پێشەنگایەتی فەرماندەی نەمری هەپەگە عەگید جڤان و هەوڵەکانی زەکی شنگالی ئەنجامدرا، ٥٠٠ گەریلای هەپەگە- یەژاستار،٢٠٠ شەڕڤانی یەپەگە- یەپەژە و ٢٠٠ شەرڤانی یەبەشە، هێزێکی نزیکەی ١٠٠٠ کەسی خۆیان بۆ هەنگاوی ڕزگارکردنی شنگال ئامادە کرد، لە شنگال شەڕێکی سەخت ڕوویدا، چەتەکانی داعش ماڵ بە ماڵ خۆیان جێگیرکردبوو، چۆن لە کۆبانێ هەر ماڵێک بوو بە سەنگەرێک بۆ بەرخۆدان دژی داعش، ئاواش لە شنگال ماڵ بە ماڵ ڕزگار کرا، لە ١٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا ڕزگارکردنی شنگال بە هەموو جیهان ڕاگەیەندرا، ئەو هەڵمەتەی کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥دا بە ناوی “فەرمانداری ئێزدخاندا بۆ ڕزگارکردنی شنگال” دەستی پێکرد بوو، لە ئەنجامی ڕەنج و بەرخۆدانی ١١ مانگدا سەرکەوتوو بوو.

وەک ستراتیژێک، شەنگال بە دوو هەنگاوی گرنگ کە تەواوکەری یەکتر بوون ڕزگار کرا، لە ڕۆژئاوا شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە ئۆپەراسیۆنی تایبەتیان دژی داعش و لە تل بەراک و تل حەمیسش چەتەکان پاککرابوونەوە و ئۆپەراسیۆنی هۆل دەستی پێکرد، هەروەها بە هەماهەنگی گەریلاکانی ئازادی کوردستان هەڵمەتی ڕزگارکردنی ناوەندی شنگال بەڕیوە چوو، ئەم دوو هەنگاوه گەیەشتن بەیەک و سەرکەتن بە دەست هات، لە کۆتایدا شنگال و کۆمەڵگای ئێزدیی لە جینۆساید ڕزگار کرا، بەڵام دوای دەنگدانەوەی ئەم هەنگاوە، هەر کەسێک ویستی ببێتە هاوبەشی ئەم هەنگاوە مێژووییە، هێزە نێودەوڵەتییەکان لە ژێر ناوی هاوپەیمانی دژی داعشدا، لە بنەڕەتدا ئەو هێزانە بوون کە ڕێگەیان بۆ داعش خۆش کرد، بەڵام دەیانویست خۆیان وەک بەرگریکاری شنگال نیشان بدەن، هەر کەسێک خۆی وەکو پێشەنگی ئەم هەنگاوە نیشان دا.

بە تایبەتی پەدەکە کە لە شنگال هەڵات و ئێزیدییەکانی ڕادەستی داعش کرد، دەستی بە پڕووپاگەندە کرد، لە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیندان و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دژ بە داعش پەخش دەکران، کە لە ڕاستیدا هەموویان وەک یارییەک بوون، مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە بە هەموو جیهانی وت “ئێمە ئێزیدییەکانمان لە چیای شنگال پاراست و تەنها هێزەکانی پێشمەرگە شنگالیان ڕزگارکرد و هیچ هێزێکی دیکە بەشداری لەو هەنگاوەدا نەکرد”، ئەوانەی شەنگالیان خستە دەستی خوێناوی داعشەوە ئێستا بۆ ئەوەی ئەو خیانەتە بشارنەوە و جارێکی تر ئێزدییەکان بخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە، هەوڵ دەدەن خۆیان وەکو جەنگاوەری شنگال پیشان بدەن.

گەریلاکانی ئازادی داستانێکی نوێییان لە مێژووی مرۆڤاییەتیدا زیاد کرد، ناوەندی شنگال لە ١٣ی تشرینی دووەمدا ڕزگار کرا، ڕێبەر ئۆجالان لە ئیمراڵیەوە چاوی لە سەر شنگال بوو و چاوەڕێی مژدەی ڕزگارکردنی شنگال بوو، لە کاتێکدا کە ئەو مژدەیەی پێگەشتی وتی: “منیش زۆر گەلی شنگالم خۆشدەوێت، لە شنگالەوە هاتا ڕقە کۆمەڵگای ئێزدی ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەوە، بەڵام ئێمە لە هەموو ناوچەکان ئەو هێزە قڕکەرانەمان لە ناوبرد و تۆڵەی گەلی ئێزدیمان کردەوە، بۆیە دڵخۆشین، سڵاو و ڕێزی بێسنوورم دەگەیەنم بە گەلی شنگال، با ئیتر ژیانی ئازادی خۆیان ئاوا بکەن” داوای ئەوەی پەیامی ڕێبەر ئۆجالان گەیشتە گەلی شنگال، کۆمەڵگای ئێزدیش دەستیان کرد بە ژیانێکی نوێ.

گەریلاکانی پەکەکە لە کاتی جینۆسایدەوە هەتا ساڵی ٢٠١٨ هەم لە ڕووی پاراستنەوە هەمیش لە ڕووی دامەزراندنی خۆبەڕیوەبەریدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا، ئامانجی تەڤگەری ئازادیش ئەوەبوو گەلی شنگال خۆی بگەیەنێت بە هێزی جەوهەری پاراستن و خۆبەڕێوەبەری، دوای ئەوەی کە کۆمەڵگای ئێزدی گەیشت بەو هێزە، لە ١ـی نیسانی ٢٠١٨ گەریلاکانی پەکەکە بە شێوەیەکی فەرمی شنگالیان بە جێهێشت، کەجەکە سەبارەت بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی گەریلا ڕایگەیاند” مەترسییەکانی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ نەماوە، کۆمەڵگای ئێزدی ئیتر کۆمەڵگایەکی ڕێکخراوە، ئاسایشی شنگال و دەوروبەری دامەزراوە، لەبەر ئەو هۆکارانەش هێزاکانی گەریلا لە شنگال کشانەوە”.

گەریلاکانی پەکەکە، هێزی خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبەریان ڕادەستى کۆمەڵگای ئێزدی و شنگال کرد، بەڵام پەدەکە هیچ کاتێک ئێزدی ئازاد و سەربەخۆی قبوڵنەکرد و ڕێککەوتنی ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بەست، ترسناکرترین شت بۆ پەدەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێزدی خۆی بەڕێکخستن بکات.

دوای ڕزگارکردنی شنگال، گەلی ئێزیدی بۆ کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژیی و مەترسییەکانی سەریان، پەنایان برد بۆ سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی، لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال دامەزرا و کاریکرد بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و کردنەوەی ناوەندەکانی پەروەردە و ئاساییکردنەوەی ژیان و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ شارەکە، لەو چوارچێوەیەشدا لە حوزەیرانی ٢٠١٦ ئاسایشی ئێزدخان دامەزرا.

لەماوەیەکی کەمدا ئێزیدییەکان بەرەوپێشچوونێکی بەرچاویان بەخۆیانە بینی، لەژێر ڕۆشنایی فکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییان دامەزراند و بوون بە خاوەنی هێزی جەوهەریی، لەسەر بنەمای یەکسانی ڕەگەزیی، جگە لە ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی، لەڕووی کەلتور و کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵگای ئێزیدییەکان بوژایەوە، بەتایبەتی ژنان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن و لەپێشەوەن.

پەدەکە لەچوارچێوەی خزمەتکردن بە ئەجێندای دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، دوای ئەوەی ئێزیدییەکانی لەبەردەم قەپاڵی گرووپە چەتەکانی داعش بەجێهێشت، تا ئەمڕۆش چاوی بە هیچکام لەو دەستکەوتانە هەڵنایەت و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ تێکدانی ئەو ئەزموونە خۆماڵییەی ئێزیدییەکان.

ب. ق

Comments are closed.