ناوەندی هەواڵەکان
لە پاڵ داگیرکاریی خاک و شەڕی سەربازیی، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، لە ڕێگای سینەما و هونەرەوە سەرجەم مێژوو و داهێنان و سیمبولە دیارەکانی کورد دەدزێت و ئاوەژۆیان دەکاتەوە، لە دواین هەوڵیاندا لە ئەڵقەی یەکەمی زنجیرەی تورکیی “ڕزگارکەری قودس”ـدا، سەرکردەی دیار و مێژوویی کورد سەڵاحەدینی ئەیوبی دەکەن بە کوڕی نورەدین زەنگی، کە ئەتابەگی تورکە.
ئەبوو موزەفەر یوسفی کوڕی نەجمەدین ئەیوب کوڕی شادی فەرماندە و جەنگاوەر و سەرکردەی دیار و مێژوویی کورد، ناسراو بە سەڵاحەدینی ئەیوبی، بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان لــە ســاڵی ١١٣٧ز لـە شـاری تکریـت لـە عێـراق لە خێزانێکی کورد لە دایک بووە و بە ڕەچەڵەک کوردە، پاشـان چووەتـە شـاری موسـڵ و دواتریـش بـەرەو شــام کۆچــی کــردووە.
سەڵاحەدینی جەنگاوەری کورد، ڕزگارکەری قودسە لە دەست خاچپەرەستەکان و دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەیوبیی بووە، یەکەم سوڵتان بوو کە دەسەڵاتی بەسەر سووریا و میسردا ھەبێت بە یەکەوە، جەنگاوەر و سەرکردەیەکی گرنگی سەردەمی سێیەم جەنگی خاچپەرستەکان بوو، سەرکردایەتی سوپای موسڵمانانی دەکرد، دەوڵەتەکەی بریتی بوو لە میسر تا مێزۆپۆتامیای ژووروو، حیجاز، باشووری عەرەبستان و ناوچەی نەوبە.
ڕزگارکەریی ڕاستەقینەی قودس
لە مێژوودا قودس تەنها یەکجار ڕزگارکراوە، ئەویش لەسەر دەستی جەنگاوەر و سەرکردەیەکی کورد، بەڵام تورکە فاشیست و نەژادپەرستەکان نایانەوێت دان بەم ڕاستییەدا بنێن، سا بۆیە لە ڕێگای سینەماوە هەوڵی شێواندن و ئاوەژۆکردنەوەی ئەو ڕاستییە دەدەن و سەڵاحەدینی ئەیوبی دەکەن بە کوڕی سوڵتانێکی تورک.
دزینی ناسنامە و مێژوو
وەک چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا خاکی کوردانیان داگیرکرد و تا ئەمڕۆش پێی دەڵێن (تورکمان ئیلی) و قاوەی کوردییان دزی و ناویان لێ نا قاوەی تورکیی، لە ساڵانی هەشتا بەدواوەش لە ڕێگای تاتڵیساس و هاوئاوازەکانییەوە چەندین ئاواز و گۆرانی کوردییان دزی و کردیان بە تورکی، بەم دواییانەش لە فیلمێکی سینەماییدا کەرکووک و موسڵی کوردانیان وەک دوو شاری تورک و عوسمانییەکان ناساند، لە کۆتا سیناریۆشیاندا، لە ئەڵقەی یەکەمی زنجیرەی تورکیی “ڕزگارکەری قودس”ـدا، سەرکردەی دیار و مێژوویی کورد سەڵاحەدینی ئەیوبی دەکەن بە کوڕی نورەدین زەنگی، کە ئەتابەگی تورکە و کورد وتەنی بە خوێی چێشتیش ڕەچەڵەکیان ناگاتەوە بە یەک.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: “ترسناکترین جۆری شەڕ جینۆسایدی کەلتووریی و شەڕی ناسنامەیە”، دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیش زۆر تەڵەکەبازانە ئەم شەڕە لە دژی هەموو نرخ و بەها و سیمبول و ناسنامە و مێژوو و داهێنانەکانی کورد ئەنجام دەدات، لە ڕێگای دەزگاکانی شەڕی تایبەتەوە شانەوشانی داگیرکاریی سەربازیی، داگیرکاریی زیهنیی و کەلتووریی و سیمبولییش بەڕێوە دەبات.
ب.گ
Comments are closed.