كارەبا.. چۆكی بە مەسروور بارزانی و كابینەكەی دادا

بنار هیدایەت

لە مێژووی حکومڕانی هەرێمی كوردستاندا، دوای نۆ کابینە هێشتا کێشەی كارەبا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و لە ئاست كێشەی كارەبادا هەموو بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە چۆكدا هاتن لە ناویاندا مەسروور بارزانی، بەشێوەیەك هیچ كابینەیەكی پێشوو وەك ئەم كابینەیە لە ئاست چارەسەركردنی كێشەی كارەبا دەستەوەستان نەبووە.

یەکێک لە ئاڵنگاریی و کێشە گەورەکانی هەرێمی کوردستان، سەرەتاییترین مافی خەڵکە کە کارەبایە، بە جۆرێک تەمەنی ئەم کێشەیە یەکسانە بە تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تا دێت خراپتر دەبێت، هۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیاسەتی وزە و بێپلانی و خراپی ئیدارەدانی حکومەتی هەرێم.

لە مێژووی حکومڕانی باشووری كوردستاندا، ‘کارەبا’ـی نیشتمانیی زۆرترین نان و پیازی پێوە خوراوە و لە زۆرینەی چالاكیی و بۆنە سیاسیی و ئابووریی و بگرە كۆمەڵایەتییەكانیشدا، باس لە چارەسەركردنی كێشەی كارەبا كراوە و دەكرێت، بە تایبەتی لە سەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام لە پاش ٣٢ ساڵ هێشتا بەشێک لە گوندەکان کارەبایان پێ نەگەیشتووە و لە ناوەندی شار و شارۆچکەکانیشدا کاتژمێرەکانی پێذانی کارەبای نیشتمانی لە ١٠ کاتژمێر کەمترە.

نەبوونی سووتەمەنی كارت و بیانووی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، گوایە سووتەمەنی پێویست بۆ دابینكردنی كارەبا لەبەردەستدا نییە، پرسیارەكە ئەوەیە بۆ كارەبا دەدرێت بە شارێكی دیكەی عێراق و لە هەرێمی كوردستان چوار كاتژمێری ڕۆژانە هەیە، لە دواین وتەی وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەبوو تا كۆتایی مانگی ڕابردوو كۆتایی بە كێشەی كارەبا بێت، بەڵام چوار ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر وتەكانی وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان و قەیرانی كارەبا لە خراپترین ئاست دایە.

كردنەوەی وێستگەی خەبات كێشەی كارەبای خراپتر كرد

لە هەموو هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و عێراق، درووشمی دووبارە “بەڵێن دەدەین كێشەی كارەبا چارەسەر بكەین” دەوترێتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ مەسروور بارزانی لەبەردەم پەرلەمانی هەرێمی كوردستان وتی: بەهۆی چارەسەركردنی كێشەكانی كارەباوە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار گەڕێندراوەتەوە بۆ حكومەت، بەڵام بەپێی گەڕانەوەكە و كردنەوەی وێستگەی كارەبای خەبات، دۆخی كارەبا بەرەو خراپتر دەڕوات، بە جۆرێك ڕۆژانە لە هەولێر تەنها چوار كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیی دەدرێت بە هاووڵاتییان.

كابینەكەی مەسروور بارزانی شكستێكی دیكە تۆمار دەكات

بە بەراورد بە كابینەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی و كابینەكەی جگە لە سێكتەرەكانی دیكە، لەبەردەم پڕۆسەی چاكسازیی كارەبا و نەهێشتنی كێشەی كەمی كارەبا چۆكی دادا و نەیتوانی بچووكترین مافی سەرەتایی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دابین بكات.

كاتژمێرەكانی كارەبا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان

ئێستا بە جۆرێك كارەبای نیشتیمانیی لە هەرێمی كوردستان كەم بووەتەوە، هاووڵاتییان ژیانیان قورس بووە و ناتوانن كارەكانیان ڕایی بكەن، ئێستا ڕۆژانە لە پارێزگای هەولێر چوار كاتژمێر و لە پارێزگای سلێمانی شەش كاتژمێر و لە پارێزگای هەڵەبجە پێنج كاتژمێر و لە پارێزگای دهۆك نزیكەی شەش بۆ حەوت كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیی هەیە، ئەمە وای كردووە ئەركی مۆلیدە ئەهلییەكان لە دڵسۆزی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر بێت و خەمی هاووڵاتییان بخەنە سەر شانیان، وێڕای ئەوەی بە پارە كارەبا دەدەن بە هاوڵاتییان، بەڵام ئەگەر بەراوردێكی دادپەروەرانە بكەین لە نێوان مۆلیدە ئەهلییەكان و كابینەكەی مەسروور بارزانی ئەو ڕاستییە دەردەكەوێت: مۆلیدە ئەهلییەكان پارەت لێ وەردەگرن و كارەبات بۆ دابین دەكەن، كابینەكەی مەسروور بارزانی پارەت لێ وەردەگرێت و كارەبات لێ وەردەگرێتەوە و دەیدات بە پارێزگایەكی تری عێراق.

ب.گ

Comments are closed.