مووچەی مووچەخۆران لە بەرداشی نێوان هەرێم و بەغدا دا

ناوەندی هەواڵەکان

وا ساڵی ٢٠٢٣ تێپەڕی و پێدەنێینە ساڵی ٢٠٢٤ وە و مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن بەو پێیەى مووچەکانیان بۆ دوو مانگ دوا دەکەوێت و مووچەى چەندین مانگیشیان خوراوە، هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغداش یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە نەدانى ئەو مووچە فەوتاوانە.

دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییەکانى هەرێم و بەغدا چەندین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی فەوتاند و چەندین مانگیشی بە لێبڕینەوە مووچە دایە فەرمانبەران و مووچەخۆران، سێ مانگی مووچەى ساڵی ٢٠٢٣ی مووچەخۆرانى هەرێم بە نادیاری ماوەتەوە و لە نێوان هەرێم و بەغدا دەستى دەستى پێدەکرێت.

ژمارەی فەرمانبەران و داهاتی مووچە

یەکێک لە کێشە بەردەوامەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ژمارەى ڕاستەقینەى فەرمانبەرانى هەرێمە و هەر یەکەیان باس لە ژمارەیەکی جیاواز دەکەن، ئەوەش بووەتە یەکێک لە بەربەستە گەورەکان لەبەردەم ڕێککەوتنى هەردوو حکومەت بەشێوەی یەکجارەکی و بنەڕەتى، چونکە حکومەتى عێراق متمانە بەو ژمارانە ناکات و ئەگەر بڕواش بکات ئامادە نییە مووچەى ئەو هەموو مووچەخۆرە بدات.

ژمارەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم تا ئێستا زۆر ڕوون نییە، بەڵام ئەوەى کە هەندێک جار بەرپرسانى وەزارەتى دارایی باسیان لێوە کردووە، لە ئێستادا بە ژمارەى فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم نزیکەى یەک ملیۆن و ٢٥١ هەزار و ٤٥٠ کەسە، کە مانگانە مووچە لە حکومەتى هەرێمی کوردستان وەردەگرن.

بەپێی ئاماری وەزارەتى داراییش مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە ٩١٣ ملیار دینارە، ئەوەش لە ڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە جێگیر کراون و پەسەند کراون.

واتە حکومەتی هەرێم بەس بۆ مووچەی مووچەخۆران لە ساڵێکدا پێویستی بە ١٠ترلیۆن و ٩٥٦ ملیار دینارە.

بە قسەى وەزارەتى دارایی کورتهێنان لە مووچە لە ساڵێکدا نزیکەی ٥ ترلیۆن دینارە، کە دەکاتە نزیکەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم .

شایستە داراییەکانى هەرێم لە بەغدا

پشکی خەمڵێنراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ عێراق نزیکەی ١٦ ترلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینارە، بەڵام بەپێوەری خەرجی کرداری “ئینفاقی فیعلی” پشکی هەرێم لە کۆی ساڵەکە، کە حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی تەرخان کردووە نزیکەی شەش ترلیۆن و ٣٠٠  ملیار دینارە.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتى دارایی لە ساڵی ٢٠٢٣دا حکومەتی عێراق تەنها چوار ترلیۆن و ٢٩٨ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە کە لەو ژمارەیە سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دیناری وەک قەرز بووە و ٥٩٨ ملیار دیناریشی وەک شایستەی هەرێمی کوردستان بووە.

یەکێکە لە کێشە گەورەکانی یاسای بودجەی ٢٠٢٣ عێراق بونی بڕگەی ئینفاقی فیعلی (خەرجی کرداری) بوو کە بەپێی ئەو بڕگەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣ مانگانە لە دەوروبەری ٥٠٠ ملیار دینار تێپەڕ ناکات.

لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بودجەى گشتى عێراق پەسەند کرا و هەرێم و بەغدا ڕێککەوتن بە ناردنى شایستە داراییەکانى هەرێم  و ڕادەستکردنى نەوت بە کۆمپانیاى سۆمۆ، حکومەتى عێراق سێ ٧٠٠ ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد کە بۆ مووچەى مووچەخۆران بوو، ئەویش بۆ مانگەکانى (٧،٨،٩)، بەڵام هەموو شایستە داراییەکان نەبوو وەک ئەوەى لە بودجەدا هاتووە.

پاشەکەوت و مووچە فەوتاوەکانی مووچەخۆران

لە ساڵی ٢٠٢٣ تەنیا نۆ مووچە دابەش کراوە و مووچەی مانگەکانى ١٠، ١١، ١٢ دابەش نەکراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ١٠ مووچەی تەواویان دابەش کردووە، لە کاتێکدا ئەو مانگەی وەزارەتى دارایی هەژماری کردووە مووچەى مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ وە نەک مانگی ١٠ی ٢٠٢٣، بۆیە وەزارەتی دارایی مووچەى مانگی ١٢شی ٢٠٢٢ لەسەر مانگەکانى ساڵی ٢٠٢٣ هەژمار کردووە.

لە کابینەی نۆدا لە مانگی ٢٠١٩/٧ هەتا ٢٠٢٣/١٢/٣١ کە دەبوو ٥٣ مووچەى دابەش بکردایە، تەنیا ٣٣ مووچەى دابەش کردووە، لەو ٣٣ مانگەش حەوت مووچە بە تەواوەتی خەرج نەکراوە، کە بریتین لە مانگەکانی ١٢،١١،٨،٧،٦،٥،٤ـی ٢٠٢٠.

هەروەها لەو ٣٣ مانگە ١٠ مووچە بە لێبڕینی ٢١%ـوە خەرج کراوە کە بریتین لە مانگەکانی ١٠،٩،٣،٢ ی ٢٠٢٠ و مووچەى مانگەکانی ٦،٥،٤،٣،٢،١ ی ٢٠٢١، کەواتە سەرجەم ئەو مووچە شایستانەی لە کابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە (١٠ ترلیۆن ٩٨٦ ملیار) دینارە.

لە ساڵی ٢٠٢٣شدا سێ مووچە دابەش نەکراوە کە مووچەى مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی ٢٠٢٣) دواکەوتووە، بەڵام وەزارەتى دارایی دەڵێت ١٠ مووچە دابەش کراوە کە مەبەستى مووچەى مانگی ١٢ی ٢٠٢٢ وە، لە کاتێکدا ئەوە هیچ پەیوەندی بە ساڵی دارایییەوە نییە و لەسەر ساڵی دارایی ٢٠٢٢ حسابە.

ئەگەر مووچەی مانگانەى مووچەخۆرانى هەرێم ٩١٣ ملیار دینار بێت وەک ئەوەى وەزارەتى دارایی بڵاوی کردووەتەوە، ئەوا مووچەى ئەو سێ مانگە فەوتاوە دوو ترلیۆن و ٧٣٩ ملیار دینار دەکات، بۆ ئەوەش هەرێم دەڵێت مووچەى ئەو سێ مانگە لای بەغدایە و بەغداش دەڵێت لای هەرێمە، بۆیە لەو نێوانەدا مووچەى ئەو سێ مانگە بە نادیاری ماوەتەوە.

کەواتە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆی ٥٣ مانگی ڕابردوودا، تەنها ٣٣ مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، ١٠ مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، مووچەی ١٠ مانگیشی خەرج نەکردووە یان دوای خستووە.

پاشەکەوتی مووچە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی داهێنرا و لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٨ مووچەخۆران پێنج موچەی تەواویان پێ نەدراوە و ٢٣ مانگیش چارەکە مووچە و ١١ مانگیش بەشێک لە موچەکانیان پاشەکەوت کرا کە تا ئێستا بۆیان نەدراوەتەوە.

داهاتی ناوخۆ چەندە و چی لێدێت؟

یەکێک لەو داهاتانەی کە بەردەوام قسە و گومانى لەسەرە و یەکێکە لە کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداش داهاتی ناوخۆییە کە تا ئێستا لای هیچ کەسێک ئەو داهاتە ڕوون نییە و کەس نازانێت مانگانە هەرێم داهاتی ناوخۆی چەندە، بەڵام وەزارەتى دارایی بڕی داهاتی ناوخۆی بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش زۆرێک لە شارەزایانى بواری ئابووریی و پەرلەمانتارانی پێشوو بە ژمارەیەکى ناڕاستی دەزانن.

سەرچاوەکانى داهاتى ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان بریتین لە ( گومرگ و باج و کارەباو هاتوچۆ و بەڕێوبەرایەتیەکانی تۆماری خانوبەرە)، بەڵام داهاتەکانى ئەو سەرچاوانە لای هیچ کەس و دامەزراوەیەک بە پەرلەمانى کوردستان و دیوانى چاودێری دارایشەوە ڕوون نییە و پرسیاری زۆری لەسەرە، پێشتریش ژمارەیەک پەرلەمانتار چەندین زانیاری و ژمارەیان لەبارەى ئەو داهاتانەوە بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێن داهاتی ناوخۆ زۆر لەو ژمارەیە زیاترە کە وەزارەتى دارایی باسی دەکات.

لەم ڕۆژانەدا میدیای فەرمی بزووتنەوەى گۆڕان کە وەزیری دارایی هەرێم سەر بەو بزووتنەوەیە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەت لە ساڵی  ٢٠٢٣ دا دەیتوانى مووچەی مانگێکی دیکە دابەش بکات و داهاتى لەبەر دەست بووە، بەڵام مووچەى نەداوە.

وەزارەتى دارایی هەرێم لە وەڵامی میدیای فەرفی گۆڕاندا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە ساڵی ٢٠٢٣ دا داهاتى ناوخۆ مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار بووە کە ١٧٠ بۆ ٢٠٠ ملیار دینار بۆ خەرجی وەزارەتەکان دەڕوات و نزیکەی ١٧٠ملیار دیناریشی دەمێنێتەوە.

ئەگەر داهاتی ناوخۆ ٣٢٠ ملیار دینار بێت وەک ئەوەى وەزارەتى دارایی بڵاوی کردووەتەوە، ئەوا بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ دەکاتە ٩٠٠ ملیار ٦٠٠ ملیۆن دینار بەو داهاتەش دەتوانرا مووچەى مانگێکی فەرمانبەران دابەش بکرایە، ئەوە جگە لەو بودجەیەى کە هاوپەیمانان دەیدەنە پێشمەرگە کە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دۆلارە.

بەڵام وەزارەتى دارایی دەڵێت: ئەگەر لە ١٠٠٪ داهاتی ناوخۆش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە تەرخان بکرێت، هێشتا بە تەواوی ناتوانرێت مووچەی پێ دابەش بکەن، هەندێک مانگ ناچاربوین داهاتی ناوخۆی دوو مانگ بۆ کورتهێنانی مووچەی مانگێک تەرخان بکەین کە کورتهێنانەکە نزیکەی ٣٤٠ ملیار دینار بوو.

لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەى کە نازانرێت کۆی داهاتى ناوخۆی هەرێم چەندە، لەگەڵ ئەوەشدا فرۆشتنى نەوت بە تانکەر بۆ دەرەوەى هەرێم بەردەوامە و فرۆشتنى نەوتیش لە ناوخۆی هەرێم بە پاڵاوگەکان بەردەوامە، بەڵام کەس تا ئێستا نازانێت ئەو داهاتە بۆ کوێ دەچێت و چی لێدەکرێت.

هـ.ح

Comments are closed.