هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمى کوردستان لە نێوان دادگای فیدڕاڵی و ناکۆکییە سیاسییەکاندا

ناوەندی هەواڵەکان

ڕۆژى ٢٥ی شوباتى ئەمساڵ بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان دیاری کراوە، بەڵام سکاڵاییەک لە دادگای فیدراڵی عێراق ڕەنگە ئەم هەڵبژاردنە دوا بخات بۆ کاتێکی دیکە، نەک هەر ئەوەش نەکردنیشی بووەتە یەکێک لە ئەگەرەکان، چونکە ناکۆکی سیاسیی لەسەر شێواز و یاسا و تۆماری دەنگدەران هەیە.

بڕیارە ٢١ ئەم مانگە دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەک کۆبێتەوە، کە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکى پێشووی فراکسیۆنى یەکەنە لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان لە دادگاکە تۆمار کراوە، دادگا دوای چەند جارێک دواخستنى ئەگەری زۆرە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات لەسەر ئەو پرسە.

سکاڵاکە لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و کورسی کۆتای پێکهاتەکانە، کە بووەتە کێشەیەکى سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانى هەرێم و بەتایبەت پەدەکە و یەنەکە، کە تێیدا داوا کراوە دادگا لەسەر ئەو دوو پرسە بریاری خۆی بدات.

ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر سکاڵاکە بدات و ڕەتى نەکاتەوە، ئەوا شێوازی هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان کە پەدەکە دەیەوێت یەک بازنەیی بێت، دەبێتە چوار بازنە و کورسی پێکهاتەکانیش دابەش دەکرێت بەسەر چوار بازنەکەدا، ئەوەش ئەو شتەیە، کە پەدەکە نایەوێت ڕوو بدات و لایەنە ڕکابەرەکانى دەیانەوێت ڕووبدات.

بەپێی ڕاوێژ و گفتوگۆکانی نێوان دادگای فیدراڵی کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان، دادوەرەکانى دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییان لا گەڵاڵە بووە کە ئەویش ئەنجامدانى هەڵژاردنی پەرلەمانى هەرێمى کوردستانە بە چوار بازنەیی کە هەر پارێزگایەکى هەرێم بازنەیەکى هەڵبژاردن بێت.

سەبارەت بە کورسی کۆتاکانیش بڕیارەکە بەو جۆرە بێت کە شەش کورسی بۆ هەولێر و دهۆک دابەش بکرێن و چوار کورسیش بەسەر سلێمانى و هەڵەبجەدا دابەش بکرێن.

لەبارەى یاسای هەڵبژاردنیشەوە ئەگەرەکان بەو جۆرەن کە دادگای فیدراڵی بریار بدات بە گەڕانەوە بۆ ئەسڵی یاسای هەڵبژاردن کە لە ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانى هەرێمى کوردستان دەری کردووە، نەک ئەو هەمووارانەى بەسەر یاساکەدا هاتوون.

بەپێی مادەی (٩) یاسای هەڵبژاردنی هەرێم پێش هەموار، كە داوا دەكات هەرێمی كوردستان بكرێتە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن، كە لە چوار ناوچە كەمتر نەبێت.

پێشتر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كورسی گشتی و كۆتاكانی هەرێمی كوردستانی دابەشی سێ بازنەی هەڵبژاردن كرد و مانگی تشرینی دووەمی ساڵى ڕابردوو ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی كردووە، بەڵام دادگای فیدراڵی جارێكی تر داوای لە كۆمسیۆن كردووە دابەشكارییەكە لەسەر بنەمای (٤) بازنە بكات، لە سەر ئاستی بازنەکانی (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک).

ئەگەر دادگای فیدراڵی بەمجۆرە بڕیار بدات، ئەوا بریارەکە لە بەرژەوەندی سەرجەم لایەنەکان و پێکهاتەکان دەبێت و کێشەی پێکهاتەکان بە یەکجاری چارەسەر دەکات، چیتر کورسی کۆتای پێکهاتەکان لەلایەن پەدەکەوە کۆنترۆڵ ناکرێت کە ١١ کورسییان هەیە و ئەو پارتە بە دڵی خۆی کاندیدیان بۆ دیاری دەکات و بەکاریان دەهێنێت.

ئێستا هەمووان چاوەڕێی بریاری کۆتایی دادگای فیدراڵی دەکەن، ئایا سکاڵاکە ڕەتدەکاتەوە یان بەم ئەگەرانەى باسکران بڕیار دەدات، بەڵام بەپێی ئەو پێشبینیی و زانیاریانەى کە هەن دادگای فیدڕاڵی لە ٢١ ئەم مانگە بڕیاری کۆتایی خۆی بە ئەرێنی دەدات.

لە دوای ٢١ مانگ ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاریدا و پرسەکەى یەکلایی کردەوە، پرسیارێک دێتە پێش ئایا کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکان دەتوانێت و فریا دەکەوێت لە وادەى دیاریکراودا کە ٢٥ی شوباتە هەڵبژاردن بکات؟ ئایا هیچ ئامادەکارییەکى کردووە.

بەرپرسانى کۆمسیۆن ئەگەرچی جەختیان لەوە کردووەتەوە ئامادەن بۆ بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان، بەڵام ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە لەماوەى ئەو مانگەدا بتوانن هەموو ئامادەکارییەک لە فۆڕم و سندوق و ئامێری ئەلیکترۆنی و ڕێکارەکانى دیکە تەواو بکەن و هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبەرن.

بۆیە بەشێک لە شارەزایانى بواری هەڵبژاردن پێیانوایە کە کۆمسیۆن بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجومەنى پارێزگاکانەوە، نەیتوانیوە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمى کوردستان بکات و لە ٢١ی کانوونی دووەمەوە تا ٢٥ شوبات ناتوانێت ئامادەکارییەکان تەواو بکات، بۆیە ئەگەری زۆرە هەڵبژاردن دوابخرێت بۆ مانگی ئایار یان حوزەیرانى ئەمساڵ.

یەکێکی دیکە لە ئەگەرەکانى دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان دادگای فیدراڵییە، ئەگەر بێت و ٢١ مانگیش دووبارە بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە دوا بخات، ئەوا دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان هیچ ئەگەر و گومانێکی تێدا نامێنت.

هەڵبژاردنى خولی پێنجەمی پەرلەمانى هەرێمى کوردستان لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ ئەنجام دراو لە ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢٢ پەرلەمان و حکومەتی هەرێم وادەیان بەسەرچوو، بەڵام لەلایەن فراکسیۆنى پەدەکە و یەنەکە و گۆڕان و پێکهاتەکانەوە درێژکرایەوە.

لە ساڵی ١٩٩٢ وە تاکو ئێستا هیچ هەڵبژاردنێک لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە و هەموو خولێک بەهۆی ناکۆکی سیاسیی و بە بیانووی جۆراوجۆر وادەی پەرلەمان و حکومەت درێژ کراوەتەوە، لەگەڵیشدا تەمەنى سەرۆکایەتى هەرێمیش درێژکراوەتەوە، ئەوەش لە ناوخۆ و دەرەوە هەمیشە ناڕەزایەتى لێکەوتووەتەوە.

لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ وە تاکو کۆتاییەکانى ساڵی ٢٠٢٣ چەندین کۆبوونەوەی لایەنەکان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانى ئەمریکا و ئەوروپا ئەنجامدراون بۆ ئەوەى هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەسەروو هەموویانەوە پەدەکەو یەنەکە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

هەروها فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر دەسەڵاتدارانى هەرێم بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن و چەندین جار هۆشداریان داوە لەوەى ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت ئەوا قەوارەى هەرێم هەڕەشەى لەناوچوونى لەسەرە، ئەوەش لە وتارەکانى جێنین پلاسخارت نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ڕەنگی داوەتەوە کە لە هەولێر و لە ئەنجوومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتى بە ئاشکرا باس کرد.

ناکۆکی لایەنەکانى هەرێم و بەتایبەت پەدەکە و یەنەکە لەسەر شێوازی هەڵبژاردن کە چەند بازنەیی بێت و لەگەڵ تۆماری دەنگدەران و کورسی کۆتاکانە،  بەڵام ئێستا ئەوان چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو ناکۆکیی و شەڕە میدیاییەى لە نێوان هەردوولادا هەیە.

ئەگەر دادگای فیدراڵی بریاری کۆتایی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان بدات، هێشتا تۆماری دەنگدەران کێشەیەکى گەورەیە لەبەردەم هەڵبژاردن کە پاککردنەوەى ئەو تۆمارە داواکارییەکى سەرەکى یەنەکە و لایەنەکانى دیکەیە، کە بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار ناوی مردوو دووبارە لەناو تۆمار دەنگدەران هەیە کە زۆرینەى لە هەولێرە.

هـ.ح

Comments are closed.