نوێنەرایەتیی پەیەدە: هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک پێکهێنانی دەستووری ڕۆژئاوای کوردستانە

باران گەرمیانی

ئەندامێکی ئەنجومەنی گشتیی نوێنەرایەتیی پەیەدە لە باشووری کوردستان، سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: هەر کاتێک دەوڵەتی تورک لە چیاکان شکست دەهێنێت، هێرش دەکاتە سەر ناوچەی مەدەنیی و ئەو سیستەمە خۆبەڕێوەبەرییەی کە بنیاتنراوە، هۆکارێکی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتنی پێکهێنانی دەستووری کۆمەڵایەتیی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

لە سەرەتاکانی ٢٠٢٤دا، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، پاش شکستی بەرامبەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ناوچەی زاپ، لە ماوەی سێ ڕۆژدا ٧٣ جار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەی نیشتەجێبوون و وێستگەی کارەبا و سووتەمەنییەکان کرد و بەهۆیانەوە کارەبای زیاتر لە ٩٣٠ گوند پچڕاوە.

لەو بارەیەوە بێریڤان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی نوێنەرایەتیی پەیەدە لە باشوور بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

بێریڤان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە لە باشوور ڕایگەیاند: هەر کاتێک دەوڵەتی داگیرکەریی تورک ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە، هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر باشوور و ناوچەکانی پاراستنی ڕەوا و ڕۆژئاوای کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ناوەندە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکان، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە لە ڕؤژئاوا ڕێکخستنێکی ئازاد هەیە و گەل تێکۆشان بۆ ئازادیی دەکات و سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریی هەیە.

ئاماژەی بەوەش دا، دەوڵەتی تورک ئەم هێرشانەی بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە دەکات، تا ئێستا هیچ لایەن، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی بانگی ئازادیی دەکەن، وڵاتانی دیکە، لە ئاستی ئەو تاوانانەدا هەڵوێستیان نییە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

ئەو ئەندامە باسی لە هۆکارێکی دیکە کرد و وتی: یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر ناوچەکە، پێکهێنانی دەستووری کۆمەڵایەتیی ڕۆژئاوایە، کە دەوڵەتی تورک بەهۆیەوە هاوڵاتییانی مەدەنیی لە سەرتاسەری ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکات، بووە بە ڕێگر لە بەردەم ژیانکردن، بۆیە تەواوی ئەو هێرشانە بە نەفرەت و شەرمەزار دەکەین.

هـ.ح

Comments are closed.