باقر زوبێدی: درووستكردنی بنكەی سەربازیی لەلایەن توركیاوە پێشێلکردنى سەروەریی خاكی عێراقە

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری ناوخۆی پێشووى عێراق ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورك بنكەیەكی سەربازیی نوێی لە سنووری پارێزگای دهۆك لە خاكی هەرێمی كوردستان دامەزراندووە، بەمەش توركیا پێشێلكاریی سەروەریی خاكی عێراقی كردووە.

باقر زوبێدی وەزیری پێشووی ناوخۆی عێراق لەبارەی دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازیی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە سنووری پارێزگای دهۆك بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

باقر زوبێدی ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورك بنكەیەكی سەربازیی نوێی لە سنووری پارێزگای دهۆك لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دامەزراندووە، ئەمەش پێشێلكارییەكی ئاشكرایە بۆ سەر سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان، دەوڵەتی تورك بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێم.

ئاماژەی بەوەش كرد، دەوڵەتی داگیركەری تورك بە قوڵایی زیاتر لە ٩٠ كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی دەوڵەتی داگیركەری تورك ڕایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی كە لەلایەن هێزەكانی توركیاوە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن، بەردەوام دەبن بەبێ گوێدانە ئەوەی كێ ڕێگرییان لێ دەكات.

سەرەڕای بەردەوامی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هیچ وەڵامێكی كردارییان بۆ ئەو هێرشانە نییە.

هـ.ئ

Comments are closed.