دواهەمین هەناری دونیاى بەختیار عەلى لە ڕیزبەندی شەش باشترین پەرتووکدایە

ناوەندی هەواڵەکان

ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا لە نووسینی بەختیار عەلی، لەلایەن “بازنەی نەتەوەیی ڕەخنەگرانی پەرتووک لە ئەمریکا”، پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی (باریۆس) لە وەرگێڕاندا و ئێستا لە ڕیزبەندی شەش باشترین پەرتووکدایە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.

ڕۆژی ٢٥ـی ئەم مانگە، بازنەی نەتەوەییی ڕەخنەگرانیی پەرتووک لە ئەمریکا ناوی ئەو بەرهەمە ئەدەبییە وەرگێڕدراوانەی بڵاوکردووەتەوە، کە گەیشتوونەتە لیستی کورت بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی (باریۆس ٢٠٢٣)، ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونییا لە نووسینی نووسەر و ڕۆماننووسی کورد بەختیار عەلی، یەکێکە لەو بەرهەمانە.

دواهەمین هەناری دونیا لە نووسینی ڕۆماننووس و نووسەری کورد بەختیار عەلی و بە وەرگێـڕانی کەریم عەبدولڕەحمان، کە یەکێک بوو لەو ١٢ پەرتووکەی لە پۆلبەندی ڕۆمانی وەرگێڕدراودا، گەیشتبووە لیستی درێژی خەڵاتی بازنەی ڕەخنەگرانی نەتەوەیی ئەمریکا.

لە دوا ڕاگەیاندراویشدا، ڕۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا” گەیشتە  شۆرت لیستی خەڵاتەکە، واتە لە ڕیزی شەش باشترین پەرتووکدا دیاری کراوەکاندایە، کە ڕەخنەگران بۆ پێدانی خەڵاتەکە دەستنیشانیان کردووە.

ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا لە ساڵی ٢٠٠٢-دا بڵاوکرایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٣-دا لە فێستیڤاڵی گەلاوێژدا خەڵاتی باشترین ڕۆمانی وەرگرت، ڕۆمانەکە تا ئێستا بۆسەر زمانەکانی: عەرەبی، فارسی، ئەڵمانی، فەڕەنسی، ئیتاڵی وەرگێڕدراوە و لەلایەن کەریم عەبدولرەحمانەوە وەرگێڕدراوە بۆسەر زمانی ئینگلیزی.

پێشتریش، نووسەری کورد بەختیار عەلی توانیویەتی خەڵاتەکانی (نیلی زاکس) و (هێڵدا دۆمین) بەدەست بهێنێت.

ش. ئـ

Comments are closed.