بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران چوار گەنجی كوردی لە سێدارە دا

ناوەندى هەواڵەکان

دوای مانەوەیان بۆ ماوەی زیاتر لە ١٩ مانگ لە زیندانەكانی ئێران، بەرە بەیانی ئەمڕۆ ئێران چوار گەنجی كوردی لە زیندانی قزڵ حەساری كەرەج لە سێدارەدا.

ماڵپەڕی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، لە سێدارەدانی چوار گەنجی ڕۆژهەڵاتی كوردستانى بە تۆمەتی سیاسییی بڵاوكردەوە، هاوكات دوای ١٩ مانگ لە زیندایكردنیان لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش كرابوون و بۆ ماوەی یەكجار خانەوادەكەیان بینی.

چوار گەنجە لە سێدارەدراوەكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بریتین لە “محەمەد فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵ – سنە” و “وەفا ئازەربار تەمەن ٢٦ ساڵ – بۆكان”، هەروەها “موحسین مەزڵوم تەمەن ٢٧ ساڵ – مهاباد” و “پژمان فاتیحی تەمەن ٢٩ ساڵ – كامێران”.

ئەو چوار دەستگیرکراوە، لە زیندانی ئەوین لە تاران ڕێگەیان پێدراوە دوای ١٩ مانگ و هەشت ڕۆژ خانەوادەكانیان ببینین و دواتر بە مەبەستی جێبەجێ كردنی سزاكەیان بۆ زیندانی قزڵ حەساری كەرەج گواستراونەتەوە و سزاكەیان بەسەردا جێبەجێ كراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، لەسەرەتای مانگی ١ی ئەمساڵەوە تاوەكوو ئێستا، ئێران نزیكەی ١٥ بۆ ٢٠ هاووڵاتی كوردی لە سێدارە داوە.

ب. هـ

Comments are closed.