“فکری ڕێبەر ئاپۆ سەرچاوەی بەرهەمهێنانی فیلمی کەزی سوورە”

ناوەندی هەواڵەکان

ئەندامێکی تەڤگەری هیلالی زێڕین، ئەو تەڤگەرەی فیلمی میوزیکی “گۆرانییەکانی کەزی سوور، ژن ژیان ئازادیی” بەرهەم هێناوە، باس لە چۆنییەتی و ئەو فکر و فەلسەفەیە دەکات، کە بووە بە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە و دەڵێت: لە ژێر هەلومەرجێکی سەخت و فڕۆکەی دەوڵەتی توردکدا ئامادەمان کرد و ڕاستینەی ژن و مێژوومان خستووەتە پێش چاو و سوودمان لە فکری ڕێبەر ئاپۆ وەرگرتووە.

لەم چاوپێکەوتنەدا، ڕووکەن محەمەد، ئەندامی بەڕێوەبەریی تەڤگەری چاندی هیلالی زێڕین، لەبارەی بەرهەمهێنانی فیلمی میوزیکی “گۆرانییەکانی کەزی سوور، ژن ژیان ئازادیی”، هەروەها ئەو فکر و فەلسەفەیەی بوو بە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی، لە ڕێگەی سکایپەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ڕۆژنیوز: تەڤگەری هیلالی زێڕین کەی دامەزرا و چۆن بڕیارتاندا ئەم فیلمە بەرهەمبهێنن؟

ڕووکەن محەمەد
ڕووکەن محەمەد

ڕووکەن محەمەد، ئاماژەی بەوەدا، تەڤگەرەکەمان لە ساڵی ٢٠١٦دا لەلایەن گرووپێکی بچووکی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ئافرێندرا و لەسەر ڕاستینەی مێژووی دەیان هەزار ساڵ کاری خۆمان دەکەین، بۆیە هەوڵماندا هەموو ئەو ڕەنجانەی ژنان لە مێژووەوە تا ئەم سەردەمە لە بوارە جیاوازەکانی ژیانییدا بە دەستیان خستووە و ئەو زەحمەتییانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، لە فیلمەکەدا بیهێنینەوە بەرچاو.

وتیشی: لە سەرەتادا تەنها بەنیازی کلیپێک بووین، بەڵام بە زیادبوونی چەند فکرێک و گەڕانەوە بۆ مێژوو، ئەم کلیپە بوو بە پڕۆژەیەکی مەزن، دانستانێكی ژن درووستکرا، بۆیە لە بوونی ژن لە گەردوون و کۆمەڵگەی سرووشتییەوە دەستمان پێکردووە و هەموو ڕاستەقینە و دەستکەوتە سەرەتاییەکانی ژنانمان پیشانداوە.

باسی لەوەشکرد، لە بەشێکی دیکەدا تیشکمان خستووەتە سەر ئەو ستەم و هەوڵە لەناوبردن و هێرشانە بۆ سەر هەبوون، کولتوور، نرخ و پیرۆزی ژنان، کە لەلایەن شامانەکان و پیاوانی سەردەستەوە لە دژی ژنان کراوە، هەروەها تێکۆشانی ژنان لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژیی و هەڕەشانە بدەینە پێش چاو، بڵێین ئەمە مێژوو و ڕاستینەی ژنە.

ڕۆژنیوز: وەک لە فیلمەکەدا دەبینرێت گەراونەتەوە بۆ مێژووی ژن، ئایە سوودتان لە فکر و ڕامانی ڕێبەر ئۆجالان بینیووە؟ چونکە لە دیدگاکانییدا جارێکی دیکە ڕاستینەی ژن و مێژوومان پێ پیشان دەداتەوە.

ڕووکەن محەمەد وتی: پێش ئەوەی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بناسین، نەمادەتوانی دوو وتە لەسەر ژن پێکەوە گرێ بدەین، دەوترا نابێت ژن قسە بکات، بڕیار بدات و ڕۆڵی هەبێت، ڕێگەی ئازادیی، سەرۆکایەتی بۆمانی نەخشاندووە، لە نووسین و دیدگاکانییدا ڕاستینەی ژنمان پێ دەڵێت و ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو، کە فیلمی کەزی سوور بەم ئیرادە و شێوەیە بەرهەم بهێنین، واتە ئەمە لەسایەی ڕێبەرێتی بوو.

ئاماژەی بەوەشدا، لە سەرەتادا وەک ژنان هیچ خۆمانمان نەدەناسی، دوای ئەوەی بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاستینەی ژن ئاشکرا بوو، زانیمان ئەوەی کە هەیە ڕاستینەی ژن نییە، بەڵکو ئەوەیە، کە ڕێبەرمان باسی دەکات.

ڕۆژنیوز: لە دیمەنێکدا لەسەر چەند مەزارێک ناوی ژنانی پێشەنگ و شەهیدی هەر چوار پارچە دەبینرێت، مەبەستتان چییە لەوە؟

ئەو ئەندامە وتی: لە سەرەتا ئامانجمان ئەوەبوو، کە پڕۆژەیەکی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا درووستبکەین، بەڵام بەداخەوە دەرفەتی هاتووچۆکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان تا ڕادەیەک سنووردارە، بۆیە لە هەر چوار پارچەی کوردستان سیمبولێکی ژنمان گرتە دەست و ویستمان ڕەنگی تێکۆشانی هەموو کوردستان هەبێت، هەروەها سنوورە دەستکردەکان تێکبشکێنین و کوردستان گرێ بدەینەوە.

ڕۆژنیوز: پێمان وابێت زەحمەتی زۆرتان بینی تا ئەم فیلمە بەرهەم هات، چونکە بە بەردەوام دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بۆردوومانی ناوچەکەی دەکرد.

ڕووکەن محەمەد ئاماژەی بەوەدا، درووستکردنی ئەم فیلمە هەشت مانگی لە ژێر هەلومەرجێکی قورسدا خایاند، بە سەرما و گەرما بەردەوام بووین، تەنانەت بە بەردەوام، کە خەریکی تۆمارکردن دەبووین، فڕۆکەی سیخوڕیی و جەنگی بەسەرماندا دەگەڕا، بەو شێوەیە نەوەستاین و ئەم فیلمەمان گەیاندە سەرکەوتن.

باسی لەوەشکرد، ئەم فیلمە بە پێشەنگی سەدان خەباتکاری تەڤگەری هیلالی زێڕین و بە هاوکاری تەڤگەری چاند و هونەری دیموکراتیک، هونەرگەی شەهید وەلات و ناوەندی پارگین و دەیان کەسی دیکە کە لەم دەستکەوتەدا ڕۆڵی کارایان هەبووە، بەرهەم هاتووە.

ب. جـ

Comments are closed.