“هاواری گەلێكی ستەملێكراو”

سەرتیپ جەوهەر

مووچەخۆرانی كوردستان بوونەتە قوربانی كەمینەیەكی دەستڕۆیشتووی بێویژدان، كەمینەیەك لە روانگەی بەرژەوەندی شەخسی و عائیلیەوە دەڕواننە ئێستاو داهاتووی كوردستان. بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و ئایندەی ئەم وڵاتەیان كردووەتە قوربانیی مانەوەی خۆیان و بەرژەوەندی خانەوادەكانیان. ئەوان بە دابەشنەكردنی مووچەی ئەم خەڵكە، بەم رەمەزانە و بەرە جەژنەیە، بێویژدانیی و ستەمكاریی خۆیان دووپات دەكەنەوە.

ئەوان لەناو كۆشك و تەلارە رەنگاو رەنگەكانیان و لەپشتی شورا بەرزەكانی، كە لەترسی خەڵك درووستیان كردووە دەڕواننە ژیانی خەڵكی كوردستان. كوردایەتی لای ئەوان بریتییە لەمانەوەی خۆیان و كۆمپانیا و پرۆژە زەبەلاحەكانیان! كوردایەتی لای ئەوان بریتیە لە كڕنوش و نۆبەداریی بۆ ئەوان.

حكومڕانانی كوردستان، بە دابەشنەكردنی مووچە و قوتی خەڵكی كوردستان، ژیانی خەڵكی كوردستانیان كردووەتە بارمتەی بڕیار و سیاسەتە ناڕەواكانیان، كە من پێموایە عاقیبەتێكی زۆر خراپی دەبێت و لێكەوتەی ئەم سیاسەتە بەمزوانە گۆڕانی گەورە لەگەڵ خۆی دێنێت.

ئەم بارودۆخەی ئێستا، زادەی سیاسەتی رۆژێك و دووان نییە، بەڵكو لێكەوتەی سیاسەت و هەڵسوكەوتی زیاتر لە ١٢ ساڵی ئەم حكومڕانیەیە، كە هەمووان تێیدا شەریك و برابەش بوون.

ئەوانەیشی ئەمڕۆ دەیانەوێ‌ خۆیان ساغلەم پێشانبدەن و وەك حاتەمی تائی لە موزایەدەی سیاسی و كوردایەتی سەخاوەت بنوێنن، ئەوان بوون ئەم بارودۆخەیان درووستكرد، ئەوان شەریكی هەموو بڕیارە خراپ و ناڕەواكانی ئەم حكومەتە بوون لەماوەی ١٢ ساڵی رابردوو، ئێستا بە بەیاننامەیەك و بە لێدوانێكی شەرمنانە ناتوانن خۆیان لەم هەموو كارە خراپە بدزنەوە.

ئ.م

Comments are closed.