دابەشنەکردنى مووچە بڕستى لە مووچەخۆران و بازاڕی کاروکاسبی بڕیووە

هەولێر

نزیکەى حەوت مانگە مووچەخۆرانى هەرێم تەنیا یەک مووچەیان پێدراوە، ئەمەش بڕستی لە مووچەخۆران و هاوڵاتییان بڕیوە و لەوپەڕی دۆخی ناهەموواریدایە، کاسبکاران و دووکاندارانی شاری هەولێر دەڵێن: دابەشکردنی مووچە ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر جموجۆڵی بازاڕ و کاسبکاران دەبێت، بۆیە پێویستە حکومەت دوو مووچە بدات بۆ ئەوەى ژیانی هاوڵاتییان و بازاڕ ببوژێتەوە.

نزیکەى حەوت مانگە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان تەنیا یەک مووچەی دابەشکردووە، زیاتر لە ٦٠ ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا ١٦ ڕۆژە بەغدا پارەى خستووەتە سەر حسابی حکومەتى هەرێم، بەڵام بە فەرمانى مەسرور بارزانی مووچەکە دەستی بەسەرداگیرا بوو دابەش نەدەکرا.

سرود عوسمان
سرود عوسمان

دابەش نەکردنى مووچە بڕستى لە مووچەخۆران و هاوڵاتییان بڕیوە و بازاڕ و کارو کەسابەتى پەکخستووە، لەوبارەیەوە هاوڵاتییان و کاسبکاران بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

سرود عوسمان کاسبکارێکە لە نێو بازاڕی شاری هەولێر دەڵێت: جموجۆڵی بازاڕ  بە تەواوی وەستاوە، بەجۆرێک لەماوەکانی پێشووتردا هیچ کاتێک دۆخی بازاڕی هەولێر بەم جۆرەی ئێستا بێ بازاڕی نەبوو، چونکە مووچەخۆران و هاوڵاتییان بێپارەن و دۆخی دارایی هاوڵاتییان  زۆر خراپە.

وتیشی: هۆکاری بێ بازاڕی و چەقبەستووی دۆخی بازاڕ بۆ دابەشنەکردنی مووچە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوەیە، پێویستە حکومەتی هەرێم دوو مووچە بەیەکەوە بەسەر مووچە خۆران دابەش بکات، بۆ ئەوەی جموجۆڵ بکەوێتە نێو بازارە، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی دۆخی بازاڕ دەزانێت.

زەکەریا ئیسماعیل
زەکەریا ئیسماعیل

هاوڵاتییەکى دیکەى شاری هەولێر بەناوی زەکەریا ئیسماعیل کە ماوەی هەشت ساڵە لەنێو بازاڕی شێخەلای هەولێر کاسبی دەکات و فرۆشیارە وتی: دۆخی بازاڕی بەجۆرێک خراپە تەواوی جموجۆڵ وەستاوە، کە هیچ کاتێک بەم جۆری ئێستا دۆخی بازاڕ وا سست نەبووە.

ئەو هاوڵاتییە هۆکاری نەمانی بازاڕو کارو کەسابەت بۆ دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچە دەگەڕێنێتەوە و بە گرنگی دەزانێت مووچە لەکات و ساتی خۆیدا بەسەر مووچە خۆران دابەشبکرێت بۆ ئەوەی جوڵە بکەوێتە بازار.

بارودۆخی دارای هاوڵاتییان زۆر خراپە

کاروان عارف
کاروان عارف

هەر لەسەر دابەشنەکردنى مووچە و بێ بازاڕیی و دۆخی ژیانى هاوڵاتییان، کاروان عارف کاسبکارێکی دیکەیە لە شاری هەولێر وتی: پێداویستی ڕۆژانە و کەلوپەل و شمەک نرخەکانیان بەرز نەبووەتەوە بەراورد بە پێشوتر، بەڵام بارودۆخی دارای هاوڵاتییان زۆر خراپە، چونکە هاوڵاتییان گیرفانیان خاڵییە و ناتوانن وەک پێویست بازاڕاکردن بکەن، ئەمەش واییکردووە دۆخی بازار ناجێگیر ببێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: دواکەوتنی و دابەشنەکردنی مووچە لەلایەن حکومەتەوە، جموجۆڵی بازاڕی تەواو وەستاندووە، بەجۆرێک هیچ کاتێک بازاڕی هەولێر بەم جۆرە نەدیووە، بە گرنگی دەزانێت حکومەت دوو مووچە بەیەکەوە بەسەر فەرمانبەران ومووچەخۆران دابەش بکرێت، تاوەکو جوڵە بکەوێتە نێو بازارەوه.

خراپی دۆخی ژیانى هاوڵاتییان و بەتایبەت مووچەخۆران لە کابینەی نۆیەمدا گەیشتە لوتکەى خۆی و جگە لەو مووچە پاشەکەوت کراو و لێبڕینانەى ساڵانی ڕابردوو، مووچەى سێ مانگی ساڵی ٢٠٢٣ نەدرا بە مووچەخۆران، هەروەها حکومەت دەستی بەسەر ئەو بڕە پارەیەشدا گرتووە، کە حکومەتی عێراق بۆ مووچەی مانگی شووباتی فەرمانبەران ڕەوانەی کردووە.

هـ.ح

Comments are closed.