هۆکارى پشت هێرشەکەی سەر ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر ئاشکرا کرا

ناوەندی هەواڵەکان

ئاشکرا بوو، کە دەوڵەتی تورک و فەرەنسا بە ئەگەری ئەنجامدانی گرێبەستێک، لە پشت ئۆپەراسیۆنی بەلجیکا بۆ سەر کەناڵی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەرەوە بوون، ڕۆژنیوز گەیشتووەتە وردەکاری ئەو پەیمانە گڵاوە.

لە ٢٣ـی نیسانی ٢٠٢٤ پۆلیسی بەلجیکا لە نیوەی شەودا هەڵیانکوتایە سەر ستۆدیۆکانی کەناڵی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر، لەو هەڵکوتانەشدا، کە بەبێ ئاگاداری بەڕێوەبەر و پارێزەرانی تەلەفزیۆنەکان ئەنجامدرا، دەرگا و کەرەستەی ناو دەزگاکان شکێنران، کێبڵی کارەبا و ئینتەرنێتی کۆمپیوتەرەکان بڕدرا، هەروەها دەست بەسەر چەندین کۆمپیوتەریشدا گیرا.

هەر دوای هەڵکوتانەکە، میدیاکانی بەلجیکا بڵاویان کردەوە، کە هەڵکوتانەکەی پۆلیس لەسەر داوای دەزگای دژە تیرۆری نەتەوەیی فەڕەنسا PNAT بووە.

سەرلەبەیانی هەمان ڕۆژە، لە یەک کاتدا چوونەسەر ماڵی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتی کورد و ئەندامانی لە گەڕەکی درانسی پاریس لە فەرەنسا، لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵانیشدا شەش هاوڵاتیی کورد دەستبەسەر کران.

هەروەها لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، فەرەنسا بە شێوەیەکی نایاسایی سێ پەنابەری کوردی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرد و بوو بە هۆکاری دەستگیرکردنیان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ڕۆژنیوز کەوتوون، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕۆژی ١٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی تورکی (THY)ـەوە داوای ٣٥٥ فڕۆکەی لە کۆمپانیای ئێرباسی فەڕەنسی کردووە، ئەم داواکارییەش یەکێکە لە گەورەترین داواکارییەکان کە تا ئێستا لە بواری فڕۆکەوانییدا کراوە.

وردەکاری ڕێککەوتنی نێوان هەردوو دامەزراوەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

– 251 A321 neo: ئەم فڕۆکانە بۆ گەشتە کورت و مامناوەندەکانی هێڵی ئاسمانی تورکیا بەکاردەهێنرێن.

– زنجیرە فڕۆکەکانی 105 A350: ئەم فڕۆکانە فراوانن بۆ گەشتە دوور مەوداکانی هێڵی ئاسمانی تورکیا بەکاردەهێنرێن و زنجیرەی A350 مۆدێلەکانی A350F و A350-900 و A350-1000 لەخۆدەگرێت.

خەمڵێنراوە ئەم فڕۆکانە کە بەهاکەیان ٣٥ ملیار دۆلارە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٦-٢٠٣٦دا ڕادەست بکرێن.

وا گوماندەکرێت دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەم داواکارییە کە لەلایەن هێڵی ئاسمانی تورکیاوە دەکرێت، ئامانجی نوێکردنەوەی فڕۆکەکانی بێت، هەروەها زیادکردنی پشکی خۆی لە بازاڕی جیهانییدا.

دەوڵەت تورک تەنها داوای ٣٥٥ فڕۆکەی نوێی نەکردووە، بەڵکو بەشێکی دیکەی داواکارییەکەی نوێکردنەوە و کەمکردنەوەی تێکرای تەمەنی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی تورکیایە بۆ ١١ ساڵ، هەروەها کەمکردنەوەی کارایی سووتەمەنی و دەردانی دژە غازی ژەهراوی لە فڕۆکەکاندا.

هەوڵەکان بۆ بە ئەنجامدانی ئەم گرێبەستەی نێوان دەوڵەتی تورک و فەڕەنسا، هەروەها داواکارییەکەی دەزگای دژە تیرۆری نەتەوەیی فەڕەنسا، هۆکارەکانی ئەو هەڵکوتانەی پۆلیسی بەرلجیکا بۆسەر هەردوو کەناڵی “ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر” بە ڕوونی دیارییدەکەن.

ب. ق

Comments are closed.