خانەوادەکان داواکارییان بۆ دیداری ئیمرالی پێشکەش کرد

ناوەندی هەواڵەکان

خانەوادەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی، بۆ ئەنجامدانی دیدار لە ئیمرالی داواکارییان پێشکەشى بەرپرسانی بورسا کرد.

ئەمڕۆ، محەمەد ئۆجالان برای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مەزلۆم دینچی پارێزەری، عەلی کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار، پۆڵات یڵدرم برای حامیلی یڵدرم و مەلیحە چەتین خوشکی وەیسی ئاکتاش، بۆ چاوپێکەوتن داواکارییان پێشکەش کرد.

خانەوادەکان لە ڕێگای داواکاریی کۆماری بورسا، داواکارییان پێشکەش کرد تا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمرالى بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان هەفتەی دوو جار بە مەبەستی دیدارى موەکیلەکەیان داواکاریی بەرز دەکەنەوە، بەڵام بێ وەڵام دە‌هێڵرێنەوە و ئەوەش نیگەرانى خانەوادەکانى بەدواى خۆیدا هێناوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە ٢٥ـی ئاداری ساڵی ٢٠٢١، کۆتاجار بوو کە زانیاری لەسەر ڕێبەر ئۆجالان بەدەست گەیشت، ئەوەش بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی چوار خولەکی بوو لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برایدا، لە دوای ئەوەوە گۆشەگیریی توند لە دژی بەڕێوەدەچێت و ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە، بەناوی سزای دیسپلینەوە ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادرێت سەردانی ئیمرالی بکەن.

تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لە بارەی تەندروستییەوە نازاندرێت.

ب. جـ

Comments are closed.