کەسوکاری ئەنفالکراوان: تا ئێستاش گەلی کورد کۆمەڵکوژ دەکرێت لە لایەن داگیرکەرانەوە

گەرمیان

هێرشە داگیرکاریی و هەوڵە قڕکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردان بەردەوامە و کەسوکاری ئەنفالکراوانیش دەڵێن: گەر وانەیەکمان لە ئەنفال وەربگرتایە، ئێستا داگیرکەران لە پارچەکانی دیکەی کوردستان گەلی کوردیان کۆمەڵکوژ نەدەکرد، بۆیە دەبێت یەک ڕیز بین و کۆتایی بە کۆمەڵکوژیی کوردان بهێنرێت.

دەوڵەتی داگیرکەرکەری تورک زیاتر لە ١٠٠ ساڵە بەردەوامە لە هێرش و داگیرکارییەکانی بۆسەر گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بێ جیاوازیی، لە ئێستاشدا هاوشێوەی کۆمەڵکوژییەکانی دەرسیم، ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و زەمینییەوە هێرش دەکاتە سەر کوردستان، لە چیاکانیش  چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت و گەلی کورد کۆمەڵکوژ دەکات.

لەوبارەیەوە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە گەرمیان، سەبارەت بە بەردەوامی کۆمەڵکوژکردنی کوردان لە ڕابردووەوە تا ئێستا و گرنگی یەکڕیزیی بۆ گەلی کورد بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

حەسەن عەلی
حەسەن عەلی

لەو بارەیەوە حەسەن عەلی، کەسوکاری ئەنفال وتی: بە گەلی کورد و پارتە سیاسییەکانیشەوە هیچ وانەیەکمان لە ئەنفال وەرنەگرتووە، ئەگەر تاوانبارانی ئەنفال و سەرانی بەعس سزای یاسایی خۆیانیان وەربگرتایە، لە ئێستادا ئەردۆغان و هەموو داگیرکەرانی دیکە، هەریەکێکیان بە ناوی سورەتێکی قورئانی پیرۆزەوە کوردیان کۆمەڵکوژ نەدەکرد، بێدەنگی ئێمە لە کۆمەڵکوژییەکانی ڕابردوو، هۆکارە بۆ بێباکی دووژمن کە لە ئێستادا کۆمەڵکوژمان دەکات.

وتیشی: ئەو داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییانەی ئێستای سەر کوردان ڕەتدەکەمەوە، هەرکاتێک کوردێکی پارچەکانی دیکەی کوردستان شەهید دەکرێت، هەستدەکەم خوشک و براکانم لە ئەنفال ڕزگاریان بووە و ئەوان دووبارە شەهیدیان کردووەتەوە، ئێستا کاتێک کیمیایی دەدرێت لە چیاکان وادەزانم دەدرێت لە ماڵەکەی خۆم ، بۆیە داواکارم یەکڕیز بین و ئەو هێرشانە قەبووڵ نەکەین.

هەروەها، محەمەد نوگرە سەلمان، کەسوکارێکی دیکەی ئەنفالە و بە ڕۆژنیوزی وت: وەک ڕزگاربوویەکی شاڵاوی ئەنفال و کەسوکاری ئەنفال کە لە زیندانی نوگرە سەلمان بووم، داواکارم ئەو کۆمەڵکوژییەی ئێستا بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامدەدرێت لە لایەن داگیرکەرانەوە لە ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، باکوور و باشووری کوردستان کۆتایی پیبهێنرێت.

محەمەد نوگرە سەلمان
محەمەد نوگرە سەلمان

ئاماژەی بەوەشکرد، کوردی هەر پارچەیەکی کوردستان شەهید بکرێت، هەر کوشتنی مرۆڤە و کۆمەڵکوژییەکە وەکو ئەنفال و هیچ جیاوازییەکی نییە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کارەساتێکی وەک شاڵاوی ئەنفال کە بەسەر ئێمەدا هات و بەسەر ئەواندا نەیەت، پێویستە گەلی کورد یەکڕیز و یەکبوون بێت، ئێمە گەلێکی گەورەین، ئەگەر یەکڕیز بین وەکو گەلانی دیکە بەهێز دەبین، بەڵام بەداخەوە بەشێک لە کورد جاشێتی بۆ داگیرکەران دەکات.

ب. جـ

Comments are closed.