کەجەدەکە-ئە: دەوڵەتی تورک خەریکی لەناوبردنی کوردستانە

ناوەندی هەواڵەکان

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کوردستان-ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە بردو وتەبێژی کۆمیتەی ئیکۆلۆژی، کەجەدەکە-ئە دەڵێت: دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە کوردستان بە شێوازی زۆر گڵاو و مەترسیدار سروشتی کوردستانی بە بیانووی ئاسایشەوە کردووتە ئامانجی هێرشەکانی و دارستانەکانی کوردستان دەسوتێنێ.

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئیکۆلۆژیی کەجەدەکە-ئە لە شاری دویسبورگی ئەڵمانیا لە ماڵی کوردان بەڕێوەچوو.

فاتوش گۆکسونگور وتەبێژی کۆمیتەی ئیکۆلۆژی، کەجەدەکە-ئە و ئەکادیمیسیەنی کورد، نەجمەدین تورک، وتاریان پێشکەش کرد و تێیدا باسیان لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ئیکۆلۆژی کوردستان کرد و گرنگی پاراستنی ژیانی ئیکۆلۆژییکیان ڕوونکردەوە.

لەوتارەکەیدا گۆکسونگور وتی: لەم قۆناغەدا مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە هەموو هێزیەوە هێرش دەکاتە سەر ئیکۆلۆژی، سیستەمی سەرمایەداری گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر سروشت.

وتیشی: دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە کوردستان بە شێوازی زۆر گڵاو و مەترسیدار سروشتی کوردستانی بە بیانووی ئاسایشەوە کردووتە ئامانجی هێرشەکانی و دارستانەکانی کوردستان دەسوتێنێ و هەروەها دەیەوێت بە دروستکردنی بەنداو سروشتی کوردستان لەناوببات.

هەروەها ئەکادیمیسیەنی کورد، نەجمەدین تورک، ڕایگەیاند: پاراستنی سروشت ئەرکێکی وڵاتپارێیە و وتی: بۆچی مرۆڤی کورد ئەوەندە گرنگی بە ئیکۆلۆژی دەدات، بۆچی ئیکۆلۆژی یەکێکە لە سێ لاقەکانی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ؟ چونکە لەسەر بنەمای ڕاستی دامەزراوە، ئەم ڕاستییە ئەوەیە کە هێزە داگیرکەرەکان سەرقاڵی لەناوبردنی سەروەت و سامانی کوردستانن، کوشتن و کۆمەڵکوژی لە کوردستان، سروشتیش دەگرێتەوە، لەناوبردنی سروشت شێوازێکی دیکەی کۆمەڵکوژییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگای ئەوروپا لەسەر بنەمای پیشەسازی و شارنشینی بنیات نراوە، کولتوور، سامان و بەهاکانی کوردیش گرێدراوی سروشتەکەیە و بەستراوەتەوە بە خاکەکەیەوە.

هـ.ح

Comments are closed.