ئێران: هێرش نەكراوەتە سەر وڵاتەكەمان

ناوەندی هەواڵەكان

میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای ئەوەی سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ئاسمانی ئەسفەهاندا بینران دواتر دەنگی چەند تەقیینەوەیەک بیستراوە و سیستەمی دژە مووشەكى وڵاتەکەمان هەر سێ درۆنەکەى خستووەتە خوارەوە، هەروەها، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشیی نیشتمانیی ئێرانیش ڕەتی دەكاتەوە هێرش كرابێتە سەر وڵاتەكەیان.

ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشیی نیشتمانیی ئێران و میدیاكانی ئەو وڵاتە لە بارەی ڕوودانی چەند تەقیینەوەیەك و داخستنی چەند فڕۆكەخانەیەك، زانیاری جیاواز دەخەنەڕوو.

ئاژانسی فەرمی ئێران بڵاوی كردەوە، كاتژمێر ٤ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای ئەوەی سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ئاسمانی ئەسفەهاندا بینران دواتر دەنگی چەند تەقیینەوەیەک بیستراوە و سیستەمی دژە مووشەكى وڵاتەکەمان هەر سێ درۆنەکەى خستووەتە خوارەوە.

ئاژانسەكە باسی لەوەشكردووە، هۆكاری بیستنی دەنگی تەقیینەوەکان لە ئەسفەهان، بەهۆى تێكشكاندنی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە بووە.

ئەوەش حراوەتەڕوو، سەرچاوەی دەنگی تەقیینەوەكەی شاری تەبرێزیش، كاراكردنی سیستەمی دژە مووشەك بووە.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەهۆی ئەو بارودۆخەوە فڕۆكەخانەكانی تاران و ئەسفەهان داخراون و گەشتەكانیان بۆ ماوەیەكی كاتی ڕاگیراوە.

 لەو بارەیەوە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشیی نیشتمانیی ئێران بڵاوی كردەوە، بۆ ڕێگەگرتن لە هەر هێرشێك، سیستەمی دژە مووشەك لە هەندێ ناوچەی وڵاتەکەمان كاراكراوە، تا ئێستا ڕاپۆرتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، هیچ هێرشێک نەكراوەتە سەر وڵاتەکەمان.

دەشڵێن، ئەو دەنگۆیانە لەبارەی هێرشكردنە سەر ئێران لە ڕێگەی درۆن و مووشەكەوە باس دەكرێت، دوورە لە ڕاستییەوە.

جێگەی ئاماژەیە، شەوی ١٣ـی ئەم مانگە سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، دوای ئەو هێرشەش ئیسرائیل هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەى لە تاران کرد و ڕایانگەیاند: ئامادەین بۆ تۆڵە سەندنەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.