“ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ دەدات”

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ دەدات، دواتر دەگاتە لیژنەی دارایی و پەرلەمان، لە كۆتاییدا لە پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر بڕگە و ماددەكانی بودجە دەكرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت.

عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی دەنگدان لەسەر خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ و ڕێكارەكانی  دوای دەنگدانەكە، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.

لە بەیاننامەیەكەدا هاتووە، بڕیارە ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر خشتەكانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بدات و ئێمە چاوەڕێی چارەسەركردنی ئەم دۆسییە دەكەین بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانى وڵاتەکەمان دەستپێبکات.

ئاماژەی بەوەشكرد، پابەندبوون بە جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣تا ٢٠٢٥ ، سەبارەت بەو دامەزراندن و گرێبەستانەی كە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ماونەتەوە لەمساڵدا جێبەجێ دەكرێت.

باسی لەوەشكرد، بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردن و بەهێزكردنی پارێزگاكان بۆ جێبەجێكردنی پلانی خزمەتگوزارییەكانیان و بەرنامەكانی گەشەپێدان و تەواوكردنی پێداویستییەكان.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، سەرۆكی پەرلەمان بە وەكالەت كۆبووەوە و تێیدا باسی خێرا تەواوكردنی خشتەی بودجەی ٢٠٢٤ كرد، چونكە پەیوەندی بەژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە.

هـ.ئ

Comments are closed.