ئەمریکا: دەستکەوتەکانى هەرێمی کوردستان بەهۆی ناکۆکی حزبەکانەوە لە مەترسیدایە

ناوەندی هەواڵەکان

بریکارى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروبارى ئاسایشى سڤیل و دیموکراسى و مافەکانى مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، نیگەرانن لە دۆخى هەرێمى کوردستان و ئەوەى لەم هەرێمە بەدەستهاتووە، ئێستا بەهۆى ناکۆکى نێوان حزبەکانى هەرێمەکەوە کەوتووەتە بەرمەترسى.

عەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ ماوەی چەند ڕۆژێکە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانى پەدەکە و یەنەکە کۆبووەتەوە.

عەزرا زییا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ ٨ی نزیک لە یەنەکە ڕایگەیاندوە: یەکێک لە نیگەرانیە جدییەکەمان ئەوەیە، هاوڕێکانمان لەهەرێمى کوردستان ئەو دەستکەوتانەى بە رەنج و ماندوبونى زۆر بەدەستیانهێناوە خستوویانەتە بەر مەترسى بەهۆى ناکۆکى ناوخۆیانەوە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەم دابەشبوونە ناوخۆییە پێگەى هەرێمى کوردستان لە عێراق لاوازدەکات و رێگا بۆ هێزە دەرەکییەکان خۆش دەکات دەستێوەردان بكەن و لەبەرژەوەندى خۆیان بەکاریبهێنن.

ئەو بەرپرسەى ئەمریکا دەشڵێت: ئێمە هانى ئەنجامدانى هەڵبژاردن دەدەین لەنزیکترین دەرفەتدا.

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەوەكردوە، وەکو ئەوەى لەهەموو شێوێنێکى دیكەی جیهان دەیکەن، پشتیوانى هەڵبژاردنى ئازاد و شەفا و دادپەروەرانە دەکەن، ئەمەش گرنگە بۆ سەقامگیریى ناوخۆىى و حوکمڕانییەکى تەندروست.

ئەم وتانەى بەرپرسە ئەمریکییەکە لە کاتێکدایە کە لەژێر فشاری پەدەکە دادگای فیدراڵی بەبڕیارێک کارەکانى کۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردنەکانى بۆ ئەنجامدانى هەلبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان ڕاگرت، لەکاتێکدا زۆربەی کارەکانى ئەو هەلبژاردنە تەواو کرابوون، بۆیە لەئیستدا پەدەکە هەموو تواناکانى بۆ دواخستنى هەڵبژاردن خستووەتە گەڕ و دەیەوێت هەڵبژاردن بەپێی ئەو داواکارییانە بکرێت کە ئەو هەیەتی.

هـ.ح

Comments are closed.