لە ئامەد بە خۆپیشاندان بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێ شەرمەزار کرا

ناوەندی هەواڵەکان

سزاکانی دۆزی کۆبانێ بە خۆپیشاندانێکی جەماوەریی لە ئامەد شەرمەزار کرا، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغولاری لە چالاکییەکەدا ڕایگەیاند بڕیارەکان سیاسیین و لە کۆشکی ئەردۆغان و هاوبەشاکانییەوە دەرچوون

لە ئامەد دژی بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێ چالاکی “کۆبوونەوەی ئازادیی و دادپەروەریی” بە پێشەنگایەتی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) ئەنجامدرا.

هاوسەرۆکانی گشتی دەبەپە چیدەم کلچگون ئوچار و کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغولاری بەشداربوون، چالاکوانان لەبەردەم بینای دەبەپە کۆبوونەوە، وێنەی سیاسەتمەدارانیان بە درووشم و هەلهەلەوە بەرزکردەوە.

پۆلیس هەوڵیدا ڕێگری لە ڕێپێوانەکە بکات بەڵام جەماوەر سەرەڕای ئاستەنگی پۆلیس دەستیان بە ڕێپێوان کرد، ڕێپێوانەکە لە شەقامی وێستگە کە داعش لە ٥ـی حوزەیرانی ٢٠١٥ هێرشی ئتدا ئەنجامدابوو کۆتایی هات.

تولای حاتەم ئۆغولاری لە چالاکییەکەدا ڕایگەیاند بڕیارەکان سیاسیین و لە کۆشکی ئەردۆغان و هاوبەشاکانییەوە دەرچوون، دۆزی تۆڵەکردنەوە لە هەدەپە و بندەستان و گەلی کوردە، دووپاتی کردەوە ئاکەپە-مەهەپە ویستیان سەرمان پێ نەوی بکەن بەڵام ئێمە لە ئامەد دیسانەوە بەڵێن دەدەین، پاشەکشە لە تێکۆشان ناکەین، شان بە شان درێژە بە تێکۆشانی گەلی کورد دەدەین”.

حاتەم ئۆغولاری ئاماژەی بەوە کرد لە ساڵی ٢٠١٥ لە هەمان شوێن هەدەپە گردبوونەوەی ئەنجامدا  و ڕێگە بۆ هێرش و تەقینەوەی داعش لەم شوێنەدا کرایەوە، وتیشی: “ئەوانەی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕێگەیان بۆ داعش خۆشکرد، ڕۆژێک لێرە دادگایی دەکرێن. ئێمە سەربەرزین دژی داعش تێکۆشاوین. ئێمە لە بەرخۆدانی کۆبانێ ڕێگەمان بە داعش نەدا و هەرگیز ڕێگەی پێ نادەین”.

ب.گ

Comments are closed.