“بڕیارەکانی دەوڵەتی تورک سەبارەت بە دۆزی کۆبانێ شەرمەزارییە بۆ جیهان”

مەخموور

دانیشتووانی کامپی پەنابەرانی مەخموور سەبارەت بە دادگایی کردنی سیاسەتمەدارانی کورد لە دۆسییەی کۆبانێ ڕایانگەیاند، هێزەکانی گەریلا کۆبانێ و جیهانیان لە لەناوچوون ڕزگار کرد، ئەردۆغان تۆڵەی شکستی داعش دەکاتەوە و بڕیارەکانی دادگا سەربارەت بە دۆزی کۆبانی شەرمەزارییە بۆ جیهان.

ڕۆژى ١٦ـی ئەم مانگە دادگای ئەنقەرە، لەبارەی “دۆزی کۆبانێ”وە بڕیاریدا و ئەحمەد تورک، بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە ڕێکخستن” سزای ١٠ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا، هەروەها دەمیرتاش ٤٢ ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ ٣٢ ساڵ و نۆ مانگ سزای زیندانییان بۆ بڕایەوە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

سەبارەت بەو بابەتە دانیشتووانى کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) کاردانەوەی توندی خۆیان بەرامبەر ئەم بڕیارانە دەربڕی بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد.

دایە حەلیمە
دایە حەلیمە

دایە حەلیمە شرنەخی سەبارەت بەو بابەتە لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: گەلی کورد بە ئیرادە و هێزی خۆی کۆبانێ و هەموو جیهانی لە دەستی چەتەکانی داعش و  کۆمەڵکووژی ڕزگار کرد، ئێستاش دەوڵەتی تورک ئەو کەسانە دادگایی دەکات، کە دژایەتی داعشیان دەکرد، ئەردۆغان بەهۆی لەناوچوونی داعشەوە خەمبارە، چونکە دەیویست کورد لە لایەن داعشەوە قڕبکرێت، هەرچیەک بێت ئێمەی کوردان پشتگیری یەکتر دەکەین، ئەردۆغان زۆر شتی بەسەر کورددا هێناوە و ئێستا دەیەوێت بە پیلانگێڕی سیاسەتمەدارەکانمان سزا بدات.

وتیشی: چەتەکانی ئەردۆغان هەزاران کوردیان کوشت و هەزاران ژنیان ڕفاند و لە بازاڕەکاندا فرۆشتیان، هێشتا هەموویان ڕزگار نەکراون، سیاسەتمەدارانی ئێمە دژی ئەو دڕندەییانە بوون، ئێمە وەک گەلێک شانازی بە سیاسەتمەدارانمانەوە دەکەین و پشتیوانیان لێدەکەین، پێویستە ژنان و گەنجان لە دژی پیلانگێی سەر ڕێبەر ئۆجالان و سیاسەت مەدارانی کورد خاوەن هەڵوێستبن.

ڕوبەر سپێندارۆکی
ڕوبەر سپێندارۆکی

هەروەها ڕوبەر سپێندارۆکی هاوڵاتیەکی دیکەی کامپەکەیە و وتی: کۆبانێ بووەتە شکۆمەندی سەدەی بیست و یەک لە جیهاندا، بە پێشەنگایەتی هێزەکانی ڕێبەر ئاپۆ، کۆبانێ و هەموو مرۆڤایەتی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگاریان بوو، ئێستا دەبینین ئەو سیاسەتمەدارانەی ئێمە کە لە کۆمەڵکووژی کۆبانێدا دەنگیان بەرزکردەوە، لەلایەن فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە دادگایی دەکرێن، دۆزی دادگاییکردنی کۆبانێ شەرمەزارییە بۆ جیهان.

ڕوبەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا دادگای مافی مرۆڤ هەڵە دەکات، ئەردۆغان هۆکاری ئەم ئاڵۆزی و کاولکاری و گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆیە، ئێمە وەک گەلی کورد ئەم بڕیارە قبوڵ ناکەین و کۆبانێ شەرەفی ئێمەیە، سیاسەتمەدارانی کورد ئیرادەی ئێمەن، پێویستە گەلی کورد لە دژی گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ و دۆسیەی کۆبانێ بوەستێتەوە و بە توندی ئیدانەی بکەن،  ئێمە ئەوان و بڕیارەکانیان ناناسین، هەروەک چۆن گەریلا بەرخۆدان دەکات و دوژمن دەشکێنێت، پێویستە گەل بەو باوەڕە بوەستێت و پاڵپشتی گەریلا و سیاسەتمەدارەکانی بکات و ئازادیی مسۆکەر بکات.

ب. ق

Comments are closed.