ژنە چالاکوانێک سزاى ٢١ ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێنرا

ناوەندی هەواڵەکان

ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری مافەکانی ژنانی خەڵکی سنە، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بە دانەپاڵی سێ تۆمەتی جیاواز سزاى ٢١ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ژینا مودەڕیس گورجی، کە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنانە خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە، بە تۆمەتی “پێکهێنانی گرووپ و دەستەی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت” سزای ١٠ ساڵ بەندکران، “هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا بەسەدا سەپێنراوە.

ئاژانسەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، “دامەزراندنی ئەنجوومەنی ژیوانۆ بە ئایدیۆلۆژیای فێمێنیستییەوە بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت”، “بەشداری کردنی مەبەستدار لە کۆبوونەوەدا و وتنەوەی درووشمی دژەباو و ڕووخێنەرانە”، “پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ کەسانی دژە شۆڕشدا”، “بەشداری کردن لە کۆنفرانس و وۆرکشۆپی فێرکاریی نێودەوڵەتیدا”، “بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و وتووێژکردن لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی ئێراندا بە مەبەستی ڕەشکردنی بارودۆخی ئێران و تێکدانی فەزای کۆمەڵگە لە قۆناغی هەستیاری دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیدا” وەک نموونە بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان ڕاگەیەنراوە.

دەشڵێن، دادگای شۆڕشی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووکردنەوەی ئەو تۆمەتانە و تاوانبارکردنی ژینا مودەڕیس گورجی، پشتی بە ڕاپۆرتەکانی ئیتلاعات بەستووە، هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەندکردنی ئەم چالاکوانەی مافەکانی ژنان لە زیندانی سنەدا بە هۆی “ئەگەری چالاکیی تێکدەرانەی ئەمنی” وەک”خراپەکاریی ئەمنی” وایە و بەپێی مادەی ٥١٣ـی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، بڕیاری داوە سزاکە لە زیندانی هەمەداندا جێبەجێ بکرێت.

ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و لە چالاکانی ناسراوی بواری ژنانی ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێرانە، دوو جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمەوە دەستگیر کراوە، کە یەکەم جار لە ماوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی و لە ٢١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتەوە لە شەقامێکی سنەدا بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کرا و دوای ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، لە ١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بۆ جاری دووەم لە سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠٢٣ دەستبەسەر کرایەوە و پاش ٨٤ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی پێنج ملیار تمەن بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کرا.

دواجاریش ڕۆژی ٢١ـی ئەم مانگە، دادگا بە مەبەستی دادگایی کردنی ژینا گورجی کۆبووەتەوە و سزای ٢١ ساڵ بەندکردنی بۆ بڕیوەتەوە.

لە کۆی ئەو ٢١ ساڵە، گەورەترین سزاکە واتە ١٠ ساڵ بەندکران لەگەڵ دوورخستنەوەدا بۆ زیندانی هەمەدان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پارێزەرەکانی ژینا بە شێوەی فەرمی تانەیان لەو حوکمە داوە و بڕیارە دۆسییەکە بۆ تێهەڵچوونەوە ڕەوانەی بەردەم دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای سنە دەکرێت.

ش. ئـ

Comments are closed.