قەرەیلان: بەرخۆدانی گەل و بەهێزبوونی تێکۆشانی ئازادیی پیلانی ڕژێمی فاشیستی لەناوبرد

ناوەندی هەواڵەکان

موراد قەرەیلان دەڵێت: دەسەڵاتدارانی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکۆن سیاسەتی پاکتاو و قڕکردنیان بەرامبەر دیواری بەرخودان هەرەسی هێناوە، بۆیە لە دۆزی کۆبانێدا نەیانتوانی ئەو سزایە بسەپێنن کە پیلانیان بۆی هەبوو، دەشڵێت: بەرخۆدانی گەل و بەهێزبوونی تێکۆشانی ئازادیی پیلانی ڕژێمی فاشیستی لەناوبرد.

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، سەبارەت بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، شەڕ لە ناوچەکەدا، شەهیدان و ڕۆحی فیدای لەناو پەکەکەدا، دۆزی کۆبانێ و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دژی گەریلا لە بەشی یەکەمی گفتوگۆکانیدا وەڵامی پرسیارەکانی ڕادیۆی دەنگی گەلی دایەوە.

گۆشەگیری لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٣٨ مانگی تێپەڕاند، لەم دواییەدا وەزارەتی دادی تورک ڕایگەیاند، کە بۆ شەش مانگ سزای قەدەغەی دیدار سەپێندراوە، لەم بابەتەدا دەتانەوێت چی بڵێن؟

موراد قەرەیلان: ڕژێمی ئاکەپە- مەهەپە خۆشی دان بەوەدا دەنێت کە کێشە ئابوورییەکان زۆر دژواربوون و دەڵێت دامەزراوەکانی دەوڵەت سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکان جێبەجێ دەکەن، بەڵام کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت، تێچووەکانی شەڕ ناگرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەم ڕژێمە لە سەر بنەمای شەڕ لە دژی کورد دامەزراوە، هاوپەیمانی ئەرگەنەکۆنی ئاکەپە-مەهەپە لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجامدراوە، هەموو داهاتی تورکیا بۆ شەڕ تەرخان کراوە، لەپێناو ئەوەی گەلانی تورکیا لەم هەژارییە ڕزگاریان بێت و لە تورکیا دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی پێشبکەوێت، دەبێت بەر لە هەموو شتێک کێشەی کورد چارەسەربکرێت و سیستمی ئیمرالیی لەناوببرێت و ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و گەلانی کوردستان دەستەبەر بکرێت.

وەک دەزانرێت دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی ئەم بێ یاساییە پەردەپۆش بکات، هەوڵی جیاجیای گرتووەتەبەر، ٣٨ مانگە، هیچ کەس زانیاریی لە بارەی ئیمراڵلییەوە نییە، کە ئەمەش هیچ جێگایەکی لە یاسا جیهانییەکاندا نابێتەوە، ئەوان بە دەستی خۆیان یاساکانی خۆیان پێشێل دەکەن، لە کوردستان سیاسەتی قڕکردن بەڕێوەدەبرێت و هەربۆیە سیستمی گۆشەگیریی و ئەشکەنجە بەردەوامە، لە دژی ئەوە دەبێت تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوەببرێت.

لە دژی ئەم سیستمە ئەشکەنجەکار و قڕکەرە، هەڵمەتێک لە ئارادایە و بەردەوامە، ئێمە هەمووان بەرامبەر بەوە بەرپرسیارین و دەبێت بەرپرسیاری خۆمان جێبەجێ بکەین، ئەو هەڵوێستەی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی گرتوویەتیەبەر و تێکۆشانی ئەو، گەلەکەمان و گەریلا گەیشتووەتە ئاستێک، لەم چوارچێوەدا هەڵمەتەکە سیستمی قڕکەر-فاشیستی تەنگەتاو کردووە.

وەک بزووتنەوەکەتان ئێوە مانگی ئایار وەک مانگی شەهیدان پێناسە دەکەن و زۆر گرنگی پێدەدەن، بەم بۆنەوە جی دەڵێن لەبارەی ڕاستی شەهیدان؟

موراد قەرەیلان: ڕاستە؛ مانگی ئایار مانگی شەهیدانە، ١٨ـی ئایار ڕۆژی شەهیدبوونی هاوڕێ حەقی قەراریش ڕۆژی شەهیدانە، لە کەسایەتی هاوڕێ حەقیدا سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی کوردستان بە بیردەهێنمەوە، ئەو بەڵێنەی بەوانمان داوە، جارێکی دیکە دووبارە دەکەمەوە، بۆ ئەوەی یادی ئەوان لە تێکۆشانی ئازادییدا بە زیندوویی ڕابگرین، چیمان لە دەست بێت ئێمە دەیکەین و تا سەر ڕێگەی ئەوان دەگرینەبەر.

شەهادەت لای ئێمە جێگەیەکی زۆر تایبەتی هەیە، بزووتنەوەکەمان لەسەر بنەمای زیندوو ڕاگرتنی یادی شەهیدان گەیشت بە ئاستی بەپارتیبوون، ئەو کاتەی حەقی قەرار شەهید بوو، ڕێبەر ئاپۆ وتی، “ئیدی خوێن ڕژا، گەڕانەوە نییە” و بۆ یادکردنەوەی هاوڕێ حەقی بەرنامەی بە پارتیبوونی ئامادەکرد، پەکەکە بەم شێوەیە دامەزرا و بۆ زیندوو هێشتنەوەی یادی شەهیدان دامەزرا، لەبەر ئەم هۆکارە پەکەکە بووە بە پارتی شەهیدان.

دوژمنان هەموو کاتێک بۆ ئەوەی تەڤگەرمان قەڵس بکەن هێرشییان کردووە و خواستیان بووە شەهیدمان بکەن، بۆیە تەڤگەرمان هەر شەهادەتێکی کردووە بە ئەڵقەیەکی بەهێز بۆخۆی، لە ئێستاشدا چ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، چ لە باکووری کوردستان لە چیاکاندا و دیسان لە شەڕی تونێلەکاندا بە هەمان ڕۆحییەتەوە تێکۆشان بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەمەش دەڵێین، “شەهیدانمان ڕابردوو، ئێستا و داهاتوومانە” و وەک سەرچاوەی هێزمان دەیانبینین.

دۆزی کۆبانێ ئەنجامدرا و لە ناو ڕای گشتییدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، دادەوەری تورک بە سەدان سزای بۆ سیاسەتمەدارانی پێشووی هەدەپە بڕییەوە، لەسەر ئەم بابەتە دەتانەوێت چیبڵێن؟

موراد قەرەیلان: ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە-ئەردۆغان دامەزرا بۆ ئەوەی تەڤگەرمان تەسفیە بکات و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لەباربەرێت، هەر بۆیە سیستەمی گۆشەگیریی لە ئیمرالی هەیە، دیسانەوە شەڕێکی بەرفراوان لە دژی گەریلا بەم ئامانجەوە ڕێکدەخرێت، لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ڕەوتی بەرەوە سیاسەتی کوردی یاسایی-دیموکراتیک و شەپۆلی دەستگیرکردنیان پێکهات، لەسەر ئەم بنەمایە هاوسەرۆکانی هەدەپە، پەرلەمانتار، هاوسەرۆکی شارەوانی، چەندین بەرپرسی هەدەپە و سۆسیالیستانی تورکیا کە پشتگرییان لە دۆزی ئازادیی کوردان دەکرد کرانە ئامانج؛ هەموویان خرانە زیندانەوە و بەم شێوەیە ویستییان گەلەکەمان بێدەنگ بکەن.

ئەگەر بگەیشتنایە بە ئامانجی خۆیان و توانای لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستانیان هەبوایە؛ ئەگەر توانای ئەوەیان هەبوایە بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ وهەڤاڵانی لە زیندانەکاندا و بەرخۆدانی گەریلا و هەڵوێست و چالاکییەکانی گەلەکەمان لەناوببەن، سزایەکی قورستریان بە زیندانیانی هەدەپە دەدا، بەڵام نەیانتوانی شکست بە تەڤگەری ئازادیمان بێنن؛ بەر لە هەوڵەکانی پیلانی تەسفیەکردن گیرا، بەو هۆکارانەوە دەسەڵات نەگەیشتە ئامانجی خۆی و ئیتر نەیانتوانی ئەو سزایانەی پیلانی بۆ دانابوو جێبەجێ بکات.

ئەگەر یاسایەکی بێلایەن هەبوایە، نەک سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و بەرپرسانی دیکەی هەدەپە لەسەر ناڕەزایەتییەکانی ٦-٨ـی تەشرینی یەکەم بۆ کۆبانی سزا دەدران، بەڵکو ئەوەی سزا دەدرا ئەردۆغان بوو، چونکە ئەردۆغان لە سەردانی بۆ عەنتاب وتی کۆبانی کەوتووە و دەڕوخێت، ئەم قسانە تووڕەیی کۆمەڵگەی لێکەوتەوە لە دژی داعش و پشتیوانی لە بەرخۆدانی کۆبانی هاتنە سەر شەقامەکان و چالاکییان ئەنجامدا، بەڵام ئەردۆغان دەستووری بە پۆلیسدا تەقە بکەن و بکوژن، بەرپرسانی هەدەپە نە بەشدارییان لە پێکدادانەکاندا کرد و نە دەستووری پێکدادانیان دا، ئەوەی لە هەر دوو لاوە تاوانبار و تۆمەتبارە خودی ئەردۆغانە.

بە هەوڵی ڕێبەر ئاپۆ گرژییەکان کەم بووەوە، دیسان بزووتنەوەکەمان و ئەندامانی هەدەپە بەو ئاڕاستەیە هەوڵەکانیان بەکارهێنا، چونکە لەو کاتەدا لە لایەک بەرخۆدانی کۆبانی هەبوو و لەلایەکی دیکەش پڕۆسەی دانوستان بەردەوام بوو، بەم شێوەیە لایەنی کوردی گرژییە پەرەسەندووەکانی کەمکردەوە، تەیب ئەردۆغان خۆی ئەمە دەزانێت، بەڵام ئێستا ڕاستییەکان پێچەوانە دەکاتەوە و بە ئاشکرا درۆ دەکات و دەڵێت “لەبەر ئەوە ڕوویداوە، چونکە ئەوان دژی دەوڵەت ڕاپەڕین”.

لە بنەڕەتدا پیلانیان بۆ لەناو بردنی تێکۆشانی ئازادییخوازی کوردستان و هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد دانابوو، هەروەها سزای قورسیان بەسەر بەرپرسانی هەدەپەدا سەپاند بۆ ئەوەی گەل بترسێنن و چیتر کەس باسی کورد و کوردستان نەکات و لە پێناو دیموکراسی و ئازادییدا تێکۆشان نەکات، هەمووان دەزانن کە دوایین بڕیارەکانیان هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و ئەم بڕیارانە بە هیچ شێوەیەک دادپەروەریی بەکار نەهاتووە، خۆڕاگریی گەلەکەمان و نەدۆڕانی تێکۆشانی ئازادییخوازی کوردستان پیلانەکانی ڕژێمی فاشیستی پووچەڵ کردەوە.

کۆتایی بەشی یەکەم، سبەینێ بەشی دووەمی بڵاودەکرێتەوە…

ب ق

Comments are closed.