هاوسەرۆکی شارەوانی مەخموور: سەرکەوتن بۆ گەلی بەرخۆدێری جۆلەمێرگە

مەخموور

ئەدبان یەڵماز هاوسەرۆکی شارەوانی کامپی مەخموور ئاماژەی بەوەکرد، دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جۆلەمێرگ دان نەنانە بە ئیرادەی گەلدا و وتی: گەلی کورد چۆن خاوەنداڕێتی لە وان کرد، پێویستە بە هەمان شێوە خاوەندارێتی لە جۆلەمێرگیش بکەن، سەرکەوتن بۆ گەلی بەرخۆدێری جولەمێرگە.

لەدوای دەستگیرکردنى محەمەد سدیق ئاکش هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ و دەستگرتن بەسەر شارەوانى جۆلەمێرگدا و دانانی قەیوم، خۆپیشاندان و دەربڕینى ناڕەزایەتى لە ناوخۆى باکوورى کوردستان و ناوچەکانى دیکەى تورکیا و چەندین وڵاتى ئەوروپا و بە تایبەتی لە جۆلەمێرگ دەستی  پێکرد.

ئەدبان یەڵماز، هاوسەرۆکی شارەوانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی(مەخموور) لەسەر ناوی گەلی مەخموور بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

لە سەرەتای قسەکانیدا ئەدبان یەڵماز وتی: وەک شارەوانی مەخموور بە توندی ئیدانەی ئاکەپە-مەهەپە دەکەین لەسەر دانانی قەیوم لە جۆلەمێرگ، ئەم کردارە دان نەنانە بە ئیرادەی گەلەکەمان لە جۆلەمێرگ، هەروەها شکستی ئاکەپە–مەهەپە لە هەڵبژاردنەکاندا لە هەموو جیهاندا بینرا و ئەم دۆڕانەش بووبە وەڵامێکی گەورە بۆیان، بۆ ئەوەی تۆڵەی شکستەکەیان بکەنەوە دەست بەسەر شارەوانییدا دەگرن.

هاوسەرۆکی شارەوانی مەخموور وتیشی: سەرەتا دەیانویست دەست بەسەر شارەوانی واندا بگرن، بەڵام گەلی ئێمەی وان وەڵامێکی مێژوویی بەو داگیرکەرانە دایەوە و لە ئەنجامی خەباتی گەلدا گەل سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئێستاش دەیانەوێت بە پێچەوانەی ئیرادەی گەلەکەمان لە جۆلەمێرگ هەنگاو بنێن، بۆیە پێویستە بە هەمان ڕۆحی سەرهەڵدان و بەرخۆدانی گەلی وان گەلی جۆلەمێرگیش ڕووبەڕوویان ببێتەوە، زۆر باش دەزانین کە گەلی کوردمان وەک چۆن خاوەندارێتی لە وان کرد ئاواش خاوەندارێتی لە جۆلەمێرگ دەکات.

ئەدبان یەڵماز ئاماژەی بەوەکرد، داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەم لە هەرکوێیەکن، ڕوو لە شەقامەکان و خاوەندارێتی لە ئیرادەی خۆیان بکەن، ئەمڕۆ ئەگەر جۆلەمێرگ بکەوێتە دەستی داگیرکەران ئەوا دەچنە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، هەربۆیە دەبێت هەڵوێستێکی بەهێز نیشان بدەین، جۆلەمێرگ ئیرادەی ئامەد و ماردینە، ئێمەش وەک خەڵکی کامپی مەخموور دانانی قەیوم قبوڵ ناکەین و بە توندی لە دژی دەوەستینەوە، ئەمە دەستبەسەرداگرتنەی گەل ڕەتدەکاتەوە، سەرکەوتن هی گەلی بەرخۆدێری جولەمێرگە.

ب. ق

Comments are closed.