چالاکوانێک: بۆردوومانەکانى تورکیا بوونەتە مەترسییەکى گەورە بۆ تێکدانی ژینگەی کوردستان

هەڵەبجە

چالاکوانێکی بواری ژینگە ئاماژە بە مەترسییەکانى سەر ژینگەى کوردستان دەکات و دەڵێت: بۆردوومانەکانى تورکیا بوونەتە مەترسییەکى گەورە بۆ تێکدانی ژینگەی کوردستان، بۆیە توركیاو ئێران دوو وڵاتن هەمیشە چاویان بە كورد و كوردبوون هەڵنایەت، هەرشتێك سودی بۆ كوردستان هەبێت ئەوان لە ناوی دەبەن.

مەترسییە ژینگەییەکان لەسەر ژینگەى کوردستان بەردەوامن و هەر زیادیش دەکەن، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانى تێکدانى ژینگەى کوردستان، بۆردوومانە بەردەوامەکانى دەوڵەتى داگیرکەری تورکە، کە بەشێک لە ژینگەى کوردستانی وێران کردوە، بە بڕینەوەى دارستانەکان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و وێرانکردنى سەرچاوەکانى ئاو و سوتاندنی دارستانەکان گەورەترین مەترسی لەسەر ژینگەى کوردستان دروست کردوە.

هاوسەر ئەمین چالاكوانی بواری ژینگەیە و لەسەر ئەو مەرتسییە ژینگەییانە قسە بۆ ڕۆژنیوز دەکات کە ڕووبەڕووی ژینگەى هەرێمی کوردستان بوونەتەوە.

“حکومەتی هەرێم هیچ پلانێکی بۆ پاراستنى ژینگە نییە”

هاوسەر ئەمین وتی: كێشەو گرفتە ژینگەییەكان بۆ پاراستنی ژینگە لە نەبوونی پلانێكی تەواو لە لایەن حكومەتەوە هەروەها كەمی هۆشیاری خەڵكییەوە،

هاوسەر ئەمین
هاوسەر ئەمین

هاوڵاتیی تەنها بە ئەوە تێگەشتووە فڕێنەدانی دەبەیەكی پلاستیك یاخود چاندنی نەمامێك كاری پاراستنی ژینگەی ئەنجامداوە، لەکاتێکدا ئەوە تەنها بەشێكی زۆر بچووكە بۆ خزمەتكردن بە ژینگە.

وتیشی: حكومەت نەك لەلایەنی ژینگەوە بەڵكو لەتەواوی لایەنەكانەوە بەپێی پێویست بە دەنگ كێشەكانەوە نایەت، یاسا دەردەكات بەڵام بە دواداچوونی نییە و جێبەجێناكرێت، سزاكانیش وەك پێویست نییە، زۆرجار ئەو كەسانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر ژینگە بێ بەری دەبن لە سزاكان.

ئەو چالاكوانە ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێك لەكێشە گەورەكان سوتاندنی ئەو دارستانە بەتەمەنانەیە بەهیچ جۆرێك قەرەبوو ناكرێنەوە، نەبوونی چاودێرێیەكی چڕیش لە لایەن حكومەتەوە كە ناتوانێت چاودێری دارستان و پاوەنەكان بكات، خەڵكیش لە ئاست بەرپرسیاریدا نییە بۆ كارەساتە ژینگەییەكان، زۆرجار بە ئاگرەكان داری تەمەن ١٠٠ ساڵە دەسوتێت.

“بۆردوومانەکانى تورکیا بوونەتە مەترسییەکى گەورە بۆ تێکدانی ژینگەی کوردستان”

لەبارەی مەترسی بۆردومانەكانی دەوڵەتی داگیرکەری توركیش لەسەر ژینگەى کوردستان، ئەو چالاکوانە دەڵێت: بۆردوومانەكانی دەوڵەتی تورك بوونەتە مەترسی گەورە بۆ تێكدانی ژینگە، ئەوەش بۆ لاوازی حكومەتی هەرێم دەگەڕێـتەوە نەیتوانیوە بەشێوەیەكی جوان و پێویست بەرگری لەسنوورەكانی خۆی بكات.

هاروەها هاوسەر ئەمین ئەوەى خستەڕوو، توركیاو ئێران دوو وڵاتن هەمیشە چاویان بە كورد و كوردبوون هەڵنایەت، هەرشتێك سودی بۆ كوردستان هەبێت ئەوان لە ناوی دەبەن، ئەو دارستانانە سەرمایەكی گرنگی كوردستانن، بەڵام ئەوان نایانەوێت ئەو سەرمایە بمێنێتەوە، بەردەوام هێرش و داگیركاری دەكەنە سەر خاكی كوردستان ژینگەی وێران دەكەن.

هـ.ح

Comments are closed.