كولـلە زیانی زۆری بە بەرهەمە كشتوكاڵییەکانى باڵەكایەتی گەیاندووە

باڵەكایەتی

ساڵانە لە ناوەڕاستی وەرزی بەهار بەدواوە ڕێژەیەكی زۆری کولـلە لەناوچە جیاوازەکان و بەتایبەت لە گوند و ناوچە کشتوکاڵییەکان و شاخاوییەکان زۆر دەبێت، ئەمە زیانی زۆر بە بەرهەمە کشتنوکاڵییەکان و دارو درەختەکان دەدات، ئەمساڵیش لە باڵەکایەتى بێئەنداز کولـلە پەیدا بووە و زیانی لە بەرهەمی جوتیاران داوە.

ئەمساڵ لە سنووری بەشێك لە گوندەكانی باڵەكایەتی لە ناو باخ و بێستانی هاوڵاتییان بەڕێژەیەكی زۆر كولـلە دەركەوتوون و زیانی زۆر بە بەرهەمی جوتیتران گەیشتووە، جوتیاران داواكارن حكومەت هەڵمەتێكی گشتگیر ئەنجام بدات بۆ بڵاوكردنەوەی دەرمانی قڕكەری كولـلە و مێرولە بۆ ئەوەی بەدووربن لە زیان.

بەشێک لە جوتیارانى سنووری باڵەکایەتى سەبارەت بەو شەپۆلە کولـلەیەی ڕووی لە باڵەکایەتى کردوە و ئەو زیانەى کە لە بەرهەمی جووتیارانى داوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

زرار حمد
زرار حمد

زرار حمد یەكێك لە جوتیارانی سنوورەكەیەو دەڵێت: پەیدابوونی ئەو جۆرە ڕەوە كولـلەیە زیانێكی زۆر بەر کشتوكاڵ و باخداری ناوچەكە گەیاندووە بەجۆرێك كە لە زۆربەی گوند و شوێنە جیاجیاكانی باڵەكایەتی جوتیاران دەستییان لە كاری كشتوكاڵی هەڵگرتووە، چونكە هەرچییەكی سەوزبێت دەیخۆن و دەیقرتێنن بەتایبەت سەر ئەو ڕووەكانەی ناسكن.

وتیشی: بۆ چەند جارێك دەرمانی دژە كولـلە و قڕكەرمان بەكار هێناوە، بەڵام چونكە تەنیا لەناو باخ و بێستانی خۆمان بەكاری دێنین و هەموو شوێنەكان ناڕشێنن ئەوا ناتوانین بە تەواوەتی لەناویان بەرین و تادێت لە زیادبووندانە.

فاخیر سەلیم یەكێكی تر لەو جوتیارانی ناوچەکەیە و باس لەوە دەکات كە ئەمساڵ بەهۆی زۆری كولـلە نەیتوانیووە تا ئێستا دەست بكات بە كاری چاندنی بێستانەكەی دەڵێت: ئێستا زەوییەكەم كێڵاوەو ئامادەیە بۆ داچاندن، بەڵام بەهۆی زۆربوونی كولـلە نەمتوانیوە شتڵەكان بچێنم، چونكە دڵنیام لە دوای من دەیقرتێنن و دەیخۆن ئەوەش هیچ سوودێكی بۆمان نابێت

فاخیر سەلیم
فاخیر سەلیم

 

ئەو جوتیارە ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ چەند جارێك دەرمانی دژە كولـلەی قڕكەریان بەكارهێناوە و حكومەت كەمێكی بۆ دابینكردوون ئەوەش ڕێژەیەكی زۆر کەمە، بۆیە  خۆیان لە بازاڕەكان دەرمان دەكڕن و دەیڕشێنن.

ئەو جوتیارەی باڵەکایەتى داواكارە لە حكومەت كە خۆی ساڵانە لە زوو بەر لەوەی گەشەی بكەن دەرمان بەشێوەیەكی گشتی ناوچەكە دەرمان ڕێژبكات و ڕێگە نەدرێت بۆ ساڵێ‌ ئایندە گەرا دابنێنەوە،  چونكە بەوتەى ئەو تا دێـت ڕوو لە زیادبوون دەكات و زیانەكانیشیان زیادبوونە.

ئەم جۆرەی كولـلەیە ڕەنگێكی زەرد و ڕەشی هەیە و ساڵانە لە ناوەڕاستی بەهار لەناو باخ و بێستانی گوندەكانی باڵەكایەتی دەردەكەوێت، بەهۆی داناوەی ڕێژەیەكی زۆری گەرا تا دێت ساڵ دوای ساڵ ڕوو لە زیاد بوون دەكات و بەردەوامیش زیان بە بەروبوومی جوتیارەكان دەگەیەنێت.

هـ.ح

Comments are closed.