عێراق: پشتیوانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەكەین

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی پشتیوانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنێت و پێشوازی لە بڕیاری سەرۆكایەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم دەكات، بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە بارەی دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و پشتیوانی حكومەتی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.

 لە بەیاننامەكەدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دووپاتدەكاتەوە و پێشوازی لە بڕیاری سەرۆكایەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم دەكات بۆ دیاریكردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی عێراق ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ پاڵپشتیكردنی سەركەوتنی ئەم پڕۆسەی هەڵبژاردنە دەردەبڕێت.

 دەشڵێت، حكومەت پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكانی بوژاندنەوەی دیالۆگی نیشتمانی نێوان هەموو هێزە سیاسییە نیشتمانییەكانی هەرێم دووپات دەكاتەوە.

دوێنێ دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دیاریكرا.

هـ.ئ

Comments are closed.