پەرلەمانتارێک: بێدەنگ نابین بەرامبەر گلدانەوەی ئاوی عێراق لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە

بەغدا – وسام زەهرونی

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما نیشانەى وەرزێکی هاوینی زۆر سەختە و دەوڵەتى تورک پشکی ئاوى دادپەروەرانەی عێراق بەرناداتەوە و زیادی نەکردووە، ئەمە جگە لە زۆربوونی کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان بەهۆی کەمی ئاوەوە.

سائیر مخیف، ئەندامی لیژنەی ئاو لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ “ڕۆژ نیوز” ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک تا ئێستاش ئاوی عێراقى زیاد نەکردووە لە کاتێکدا مافى خۆیەتی، ئەمەش بە مانای پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان دێت.

سائیر مخیف
سائیر مخیف

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە بەردەم مەترسییەکی گەورەی قەیرانی وشکەساڵیدایە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە دەچینە ناو وەرزی هاوینەوە و پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆى کۆچی زۆرێک لە گوندنشینەکان بۆ ناو شارەکان، هەربۆیە پێویستە چارەسەری خێرا بۆ ئەم قەیرانە بدۆزرێتەوە.

باسی لەوەشکرد، پێویستە عێراق هەموو کارتەکانی فشاری خۆی لەدژی دەوڵەتی تورک بەکاربهێنێت بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەمان لە قەیرانی وشکەساڵی، ئێمە ناتوانین زیاتر بێدەنگبین بەرامبەر پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عێراق لە دۆسیەی ئاودا، بەتایبەتی کە ئەو بابەتە کاریگەرییەکی جددی لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری هەبووە.

جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەوڵەتی تورك سیاسەتی دوژمنكارانەی خۆی لە دژی عێراق پەرەپێداوە و پشكی ٧٠٪ی ئاوی عێراق دەدزێت، بەهۆی ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی توركەوە، عێراق ماوەی سێ ساڵە ڕووبەڕووی قەیرانێكی سەختی وشكەساڵی و كەم ئاوی بووتەوە.

ڕ.ش

Comments are closed.