ڕۆژنامەنووسێک:داواکارم سلێمان ئەحمەد بەدەر لەفشار و سیناریۆی درووستکراو دادگایی بکرێت

گەرمیان

٢٤٨ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس لەلایەن چەکدارانى پەدەکەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا ئازاد نەکراوە، بڕیارە ٣٠ـی ئەم مانگەش لەسەر ئەو تۆمەتەی بۆیان دروستکردوە دادگایی بکرێت، ڕۆژنامەنووسێکیش داوا دەکات بەدەر لە فشاری سیاسی و سیناریۆی درووستکراو سلێمان ئەحمەد دادگایی بکرێت، وەک ئەوەی لە رابردوودا بینیومانە.

ئەمڕۆ ٢٤٨ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی لە ئاژانسی ڕۆژنیوز، دوای گەڕانەوەی لە ڕۆژائاوای کوردستانەوە بۆسەر کارەکەی، لە دەروازەی فیشخابوور لە لایەن ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک ڕفێندراو بێسەروشوێن کرا، دوای فشارێکی زۆریش٢٢ی مانگی ئایار ڕێگە درا پارێزەرەکانی چاویان پێبکەوێت و بڕیاریشە ٣٠ی ئەم مانگە دادگایی بکرێت، لەوبارەیەشەوە دڵشاد ئەنوەر، ڕۆژنامەنووس سەبارەت بە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و دادگایی کردنی سلێمان ئەحمەد بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

” دەستگیرکردنی هەر ڕۆژنامەنووسێک بە هەرتۆمەتێک عەیبەیەکی گەورەیە”

دڵشاد ئەنوەر، ڕۆژنامەنووس بە ڕۆژنیوزی وت: ناکرێت کاری ڕۆژنامەنووسی تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت، ئێستا تەنانەت لەو وڵاتانەی کاری میدیایی و ئازادییش سنووردارە، دەیان میدیا کاری نێودەوڵەتی کاری خۆیان دەکەن بەبێ گرفت، لێرەش کە ڕۆژنامەنووسێک لە پارچەیەکی تری کوردستانەوە هاتووە و لە دەزگایەکی دیاریکراو کار دەکات، دەستگیرکردنەکەی هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، ئەگەر هەر تۆمەتێکیشیان بۆ داتاشیبێت ناکاتە ئەوەی ئەو ماوەیە دەسگیر بکرێت.

وتیشی: دەبێت ڕۆژنامەنووسان ئازاد بکرێن و بتوانن ئازادانە کاری خۆیان بکەن، من پێموایە دەستگیرکردنی هەر ڕۆژنامەنووسێک بە هەرتۆمەتێک عەیبەیەکی گەورەیە بۆسەر ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، هیواداریشم سلێمان ئەحمەد کە کەمتر لە ساڵێکە لە زیندانە، دادگاییەکی دادپەروەرانە بکرێت بەدەر لە فشاری سیاسی و تۆمەت و سینارۆی درووستکراو وەک ئەوەی لە ڕابردوودا بینیومانە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە ڕابردوودا پێشینەی سیناریۆی درووستکراومان هەیە بۆ ڕاگەیاندنکار و ڕۆژنامەنووسەکانیتر، ئەمە وایکردووە متمانە نەبێت و لە هەموو دەستگیرکردنێک بەگومان بین بە تایبەتیش دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و ڕۆشنبیران، نەک هەرئێمە تەنانەت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بە گومانن لەو دەستگیرکردنانە، بیریشمان نەچێت بەرپرسانی هەرێم لە زۆنێک، تانە لە دەسەڵاتی دادوەریی و سەربەخۆنەبوونی دادگای زۆنەکەی تر دەدەن.

“هیوادارم دادگا بە هەموو مانایەک دوور بێت لە فشاری سیاسی و بڕیارێکی ڕاست بدات”

دڵشاد ئەنوەر باسی لەوەشکرد، لەم دۆخەی هەرێم دەبێت ئەوە بزانین کە دادگا بەدەر نییە لە فشاری سیاسی، جێی گومانیشە لەو ماوەیەی سلێمان ئەحمەد لە زیندانە تەنها یەکجار ڕێگە بە پارێزەرەکەی دراوە بیبینێت، چونکە ئەو ئێستا تەنها تۆمەتبارە و دادگا بڕیاری تاوانبار بوونی نەداوە، مافی خۆیەتی پارێزەری هەبێت و پارێزەرەکەی بە بەردەوامی ئاگاداری دۆسییەکەی بێت، بۆیە ڕێگە نەدان بە بیبینی پارێزەرەکەی بیرمان دەبات بۆلای فشاری سیاسی.

لە کۆتایشدا وتی: هیوادارم لە دادگایی کردنەکەیدا بڕیارێک بدرێت، هەموو ئەو گومانانەی کە لای شەقام و میدیا و میدایاکاران هەیە بڕەوێتەوە، هەروەها دادگا بە هەموو مانایەک دوور بێت لە فشاری سیاسی و بڕیارێکی ڕاست بدات.

هـ.ح

Comments are closed.