زیاتر لە ٧٠٠ ئاوارە لە سنوورى سلێمانییەوە گەڕانەوە زێدی خۆیان

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاوی كردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ داخستنی كامپی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان لە سنوورى سلێمانیەوە ٧٣٤ ئاوارە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە شنگال و سەڵاحەدین و نەینەوا، دەشڵێن، هاوكاری ماددی بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەشكراوە.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە بارەی گەڕانەوەی سەدان ئاوارە لە كامپەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ زێدی خۆیان ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ داخستنی كامپی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان لە سنوورى سلێمانیەوە ٧٣٤ ئاوارە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگاكانی شنگال و سەڵاحەدین و نەینەوا.

ئاماژە بەوەشكراوە، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەكانی وەزارەت یارمەتی دارایی ڕادەستی خێزانە گەڕاوەكان كرا، كە بڕی چوار ملیۆن دینار بوو، ئەمە جگە لەوەی كەلوپەلی ناو ماڵیان بەسەردا دابەشكرا.

ئەمە لەكاتێكدایە، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە و ڕۆژانە ئاوارەكان دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان لە شنگال و دەوروبەری، بڕیاریشە تا ٣٠ تەمووزی ئەمساڵ كۆتایی بە دۆسێیەی ئاوارەكانی عێراق بێت.

هـ.ئ

Comments are closed.