سلێمانی، دیداریک بۆ قسەکردن لەسەر هەڵوێستەکانی کۆمەڵی ئیسلامی بەڕێوەچوو

دووشەممە, 14 أغس 2017 – 17:15 

ڕۆژنیوز- دانا عومەر

سەنتەری پەرەپێدانی لاوان، یەکەمین دیداری کۆمەڵ-ی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا، لەژێر ناونیشانی ڕووداوەکانی ڕابردوو و ئەگەرەکانی داهاتوو، کە تاییبەت بوو بە هەڵوێستە سیاسیەکانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان.

کاتژمێر ٣:٣٠ دوانیوەرۆی ئەمرۆ، لە هۆڵی شازیار، لە شاری سلێمانی، یەکەمین دیداری کۆمەڵ لەلایەن سەنتەری پەرەپێدانی لاوان-ەوە ئەنجامدرا، بە بەشداری هەریەک لە محەمەد حەکیم، کارگێری ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئسلامی و وشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و مەسعود عەبدولخالق، نووسەر و ڕوناکبیر.

لە سەرەتادا مەسعود عەبدولخالق وتی: “لەگەڵ ئەو باشیانەی کە کۆمەڵی ئیسلامی هەیەتی کۆمەڵێک هەڵەی هەیە، گرنگە هەڵەکانی لە دیدارێکی عەقڵانی بخاتە ژێر قسە و باسەوە”.

وتیشی: “یەکێک لە هەڵەکانی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، ئەوەیە کە چاوەڕوانی هەنگاوەکانی لایەنی بەرامبەر دەکەن، بۆیە خۆڕاگر بوون بەرامبەر لایەنەکانی بەرامبەریان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون”.

مەسعود عەبدولخالق ئەوەشی وت: “بە گشتی جوڵانەوە ئیسلامییەکان لە کوردستاندا کەوتونەتە ژێر کاریگەری بیری عەرەب-ەوە، جوڵانەوە ئیسلامییەکان پێویسیان بە گۆڕینی فۆڕمی خۆیانە، چونکە جوڵانەوە ئیسلامیەکان لە کوردستاندا ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەین، پێویستە ئەو فۆڕمە تێپەرێنن”.

دواتر وشیار عەبدوڵا لە دیدارەکەدا وتی: “کۆمەڵی ئیسلامی، ڕووی کردۆتە کۆمەڵگا و پشتی کردۆتە دەسەڵات، کە ئەمە دەکرێت وەک شوناسی کۆمەڵی ئیسلامی سەیر بکرێت، خاڵێکی تری گرنگ لە مێژووی کۆمەڵی ئیسلامیدا ئەوەیە کە شێوازی خەباتی خۆی گۆڕی لە حزبێکی چەکدارەوە گۆڕی بۆ هێزێکی مەدەنی”.

وتیشی: “خاڵێکی تری پرشنگدار لە مێژووی کۆمەڵی ئیسلامیدا ئەوەیە کە هەڵوێستی بەرچاوی هەبوو لە بەرامبەر ئەو هەڵگەڕانەوەیەی کە بەسەر پەرلەماندا کرا، تاکە هێز بوو کە نەیوت ئەوە کێشەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتییە، کە ئەمە هەڵوێستێکی جوان بوو”.

پاشان محەمەد حەکیم، کارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی وتی: “ئێمە پێمان وایە کە حزب ئامڕازە ئامانج نییە، پێمان وایە کە پێویستە بەپێی بنەما ئاینییەکانمان دژی خراپە بین”.

وتیشی: “تێبینیەکانی کاک مەسعود عەبدولخالق جوانن، لە وەڵامی تێبینیەکەنیدا دەڵێم، کە کۆمەڵی ئیسلامی ڕێکخراوێکی ئیسلامی کوردستانییە و سەر بە هیچ شوێنێک نییە، وە ئێمە ڕاڕاییمان نییە لەسەر هەڵوێستەکانمان و پاشەکشێی لێناکەین”.

ک.ک

Leave A Reply