گەرمیان، گەنجێک بەهۆی کارەباوە گیانى لەدەستدا

هەینی, 11 أغس 2017 – 19:39 

ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار

لە سنوری شارەدێی جەبارە لە گەرمیان، گەنجێک لە کاتى کارکردن کارەبا گرتى و گیانى لەدەستدا.

ئەمڕۆ لە سنوری شارەدێی جەبارەى سەر بە شارۆچکەى خانەقین، کارمەندێکى شارەوانى جەبارە کارەبا گرتى و گیانى لەدەستدا، کە بە ڕەگەز عەرەبە و ناوى (وەلید موستەفا)یە و لە دایکبووى ١٩٨٨-ە.

ڕائید عەلی جەمال قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە ڕۆژنیوزى وت: “ئەمڕۆ تەرمى گەنجێک بە مردوویى هێنراوەتە بەشی فریاکەوتنى نەخۆشخانەى شەهید هەژار لە شاریۆچکەى کەلار و دانیشتووى گوندی سەید مدری سەر بە شارەدێی جەبارەى سەر بە شارۆچکەى خانەقین ـ ە”.

عەلی جەمال وتیشی: “بە وتەى کەسوکارى ئەو گەنجەى تەرمەکەى هێنراوەتە نەخۆشخانەى شەهید هەژار، لەکاتى کارکردنى بە بیری ئیرتیوازی ئاودا، کارەبا گرتویەتى و دەستبەجێ گیانى لە دەستداوە”.

هەروەها ناوبراو باسی لەوەشکرد، بە مەبەستى توێکاریی تەرمەکەى ڕەوانەى نەخۆشخانەى دادوەری کەلار کراوە.

ڕۆژنیوز زانیویەتى، ئەو گەنجە کارمەندی شارەوانى شارەدێی سەعدییەى سەر بە شارۆچکەى خانەقینە و لەبەر باری ئەمنى، ڕاژەکەى لە شارەوانى سەعدییەوە بە تەنسیب گواستوەتەوە بۆ شارەوانى شارەدێی جەبارە و لەکاتى پشوودا لە ماڵەوە کارەبا گرتویەتى و گیانى لەدەستداوە.

لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ئەوە دووەم حاڵەتى گیانلەدەستدانى گەنجانە بەهۆی تەزووى کارەباوە لە باشوری کوردستان.

ک.ک

Leave A Reply