لایەنە سیاسییەکان: بۆ پرسە چارەنووسسازەکان، یەکێتی کوردان پێویستە

شەممە, 22 يول 2017 – 11:00 

ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد

لایەنە سیاسییەکان باسی بایەخی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکەن بۆ یەکگرتنی کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان و کۆدەنگی لە پرسە چارەنووسسازەکان.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئامادەکاریی بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و بۆ یەکڕیزی گەلی کورد، بۆ ئەم مەبەستەش لە ١٥ و ١٦ی ئەم مانگەدا کۆبونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی بە بەشداری نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان، لە سلێمانی بەڕیوەچوو.

موحسین محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت: کۆنگرەی نەتەوەیی پێویستییەکی ئەمڕۆی کوردستانە بە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە، نەتەوەی کورد میلـلەتێکە خاوەنی خەبات و تێکۆشانی خۆیەتی، پێویستە هەموو خەڵکە سیاسی و ڕۆشنبیر و ئەکادیمییەکانی کوردستان یەکبگرن و یەکهەڵوێست بن، بۆ دۆزی ڕەوای میلـلەتەکەمان.

ئێڤار ئیبراهیم، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، بە ڕۆژنیوزی وت: پێویستە لە مانگی ١٠ دووبارە کۆبونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی ببەسترێت، چونکە کۆنگرەی نەتەوەیی و یەکێتی کوردان بە گرنگ دەزانم، بۆ ئەم دۆخە چەقبەستوەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە کۆنگرەی ڕاوێژی نەتەوەیی بڕیاری گرنگ بدات.

هیوا سەید سەلیم، ئەندامی مەکتەب سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بەڕۆژنیوزی وت:”هیوادارم ڕۆشنبیران و لایەنە سیاسییەکان بتوانن چارەسەرێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگیانە بدۆزنەوە کە ساڵانێکە بۆتە کۆسپ لەبەردەم کۆنگرەی نەتەوەییدا، دۆخی ئێستای کوردستان پێویستی بە یەکگرتویی و وتاری نەتەوەییە”.

هیوا سەید سەلیم، وتیشی:”کۆنگرەی نەتەوەیی ساڵانێکی زۆرە کار بۆ بەستنی یەکێتی نەتەوەیی دەکات، بۆیە ئەگەر هات و هێزێک یان دوو لایەن بەشداری نەکەن کەنەکە کاروانی خۆی بەردەوام دەکات و لەسەریان ناوەستێت، تا گەیشتن بە ئامانج”.

د.خ

Leave A Reply