ناوەندی هەواڵەکان
لەنێوان جوتیارانی کورد و عەرەب لە گوندی پەلکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری پارێزگای کەرکووک گرژی و ئاڵۆزی دروستبووە و دوو جوتیار لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیکراون، جووتیارانیشی کوردیش لە سنوورەکە داوا لەسەرۆک کۆمار و وەزیر و پەرلەمانتارە کوردەکان لە بەغدا دەکەن چارەسەر کێشەکەیان بۆ بکەن.
کێشەى جووتیارانى سنووری سەر شارەدێی سەرگەڕان و بەتایبەت لە گوندی پەلکانە لە پارێزگای کەرکووک بەردەوامە و عەرەبە هاوردەکان بۆ دروستکردنی ئالۆزی و دەستگرتن بە سەر زەوی هاوڵاتییانى کورد چوونەتە ناوچەکە.
بەپێی بەدواداچوونى ڕۆژنیوز ماوەى دوو هەفتەیە ژمارەیەک عەرەبی هاوردە چوونەتە گووندی پەلکانە لە سنووری شارەدێی سەرگەڕانى بەسەر پارێزگای کەرکووک و لەوێ خێمەیان هەڵداوە و داوای شەریکی لە زەوییەکانى ناوچەکە دەکەن کە ئەو زەویانە هی هاوڵاتییانى کوردن، بەشێک لەو هاوردانەش نەک داوای شەریکی، بەڵکو داوای زەوییەکان دەکەن و بە هی خۆیانى دەزانن.
ئەمڕۆش جارێکی دیکە ئالۆزییان دروست کردوە و هاوڵاتیانى کوردیش ئەوە ڕەتدەکەنەوە ڕازی نابن بە بوونى ئەو عەرەبە هاوردانە، بۆیە گرژی و ئاڵۆزی دروستبووە و دوو جوتیاری کورد لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیکراون.
بە وتەى جووتیارانى گوندی پەلکانە کە بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کردوە، سوپای عێراق پشتگیری عەرەبە هاوردەکان دەکات و ناهڵێت جووتیاران گەنمەکانیان بدوورنەوە، لەبەر ئەوەى عەرەبە هاوردەکان داوای زەوییەکان و شەریکی لە گەنمی ئەو زەوییانە دەکەن.
دۆخی سنووری شارەدێی سەرگەڕان کە لەچەندین گووند پێکهاتووە تا دێت بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت و ئەگەری دروستبوونی شەڕ له نێوان جووتیارانی كورد و عهرهبه هاوردهكان هەیە، حکومەتى هەرێم و بەرپرسانى کورد لە بەغدا هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە نەناوە.
جووتیارانى سنوورەکە لە ڕێگەی ڕۆژنیووزەوە، بانگەواز بۆ سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیر و پەرلەمانتارە کوردەکان دەکەن، چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن، ئەگەرنا ئەوا شەڕێکی خوێناوی لەنێوان کوردو عەرەبی سنوورەکە دروست دەبێت.
ئەو جوتیارە کوردانە نیگەرانی خۆیان لە حکومەتى هەرێم دەردەبڕن و دەڵێن: حکومەتى هەرێم زۆر خەمساردو کەمتەرخەمە و هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکەمان، ئەوە چەند ساڵە ئەو کێشەیە هەیە و تەنیا کێشەی ئەمرۆ نییە، بەڵام حکومەتى هەرێم ڕۆژێک نوێنەرێکی نەناردووەتە ناوچەکەمان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە.
لەلایەکی دیکەوە دوێنێ خالید شوانى وەزیرى دادى عێراق لەسەر ئەو کێشەیە ڕایگەیاند: محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ڕاسپارد هەر جوتیارێک زەوییەکەی تۆو کردبێت مافی دروێنەشی هەیە.
خالید شوانى وتیشی: بەم بڕیارەش کێشەی جوتیارانی سنووری کەرکووک چارەسەردەکرێت و دەتوانن سوود لەبەروبوومەکەیان ببینن.
بەپێچەوانەى ئەو لێدوانەى خالید شوانى وەزیری دادی عێراق کە خۆی خەڵکی کەرکووکە، ئەمرۆ دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و سوپای عێراق دوو هاوڵاتیی کوردی گوندی پەلکانەی دەستگیر کردوە، تەنیا لەبەر ئەوەى ڕێگەیان نەداوە عەرەبە هاوردەکان زەوییەکانیان داگیر بکەن.
شارەدێی سەرگەڕان لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە ژمارەیەک گوند پێکهاتووە: کە ئەوانیش گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ، خەرابە و گابەرەکە چەند گوندێکی دیکەش، لە دوای ڕووداوەکانى ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هەموو ساڵێک لە کاتی دروێنە و تۆوکردن عەرەبە هاوردەکان لەناوچەکە پەیدا دەبن و داوای زەویی و شەریکی لە بەرهەمی جووتیاران دەکەن، لەکاتێکدا ئەو زەوییانە لەسەردەمی پاشایەتى عێراق و دواتریش ڕژێمی بەعس لەسەر جووتیارانى کورد تاپۆ کراوە.
هـ.ح
Comments are closed.