پەرلەمانتارێکی عێراق: ئەنقەرە ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی لەگەڵ عێراق پێشێلکردووە
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی پێشووی لەگەڵ وڵاتی عێراق پێشێلکردووە و نزیکەی ١٥ کیلۆمەتر سنووری عێراقی بەزاندووە و داگیریکردووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش دەڵێت: کارتەکانیان دژ بە تورکیا بەهێزەو ئامادەن.
محەمەد ڕەزا ئال حەیدەر، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاندووە، دەوڵەتی تورکیا دوای قۆستنەوە و پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ عێراق، داگیرکاریی لەناو قوڵایی عێراقدا کردووە، بە پێویستی دەزانێت حکومەت چارەسەری ئەو دەستدرێژیانەی تورکیا بکرێت لەسەر خاکی عێراق.
ڕاشیگەیاندووە، عێراق قبوڵ ناکات لەلایەن وڵاتێکەوە سەروەری پێشێل بکرێت و هێرشی ئاسمانی و زەمینی تێدا ئەنجام بدات.
ئال حەیدەر، دەڵێت: ئەنقەرە پاڵپشت بە ڕێکەوتننامە ئەمنیەکانی پێشووی لەگەڵ بەغدا بۆ هاتنە ناوەوەی بە نزیکەی پێنج کیلۆمەتر تا حەوت کیلۆمەتر لەسەر سنوور، ١٥ کیلۆمەتر هاتووەتە ناوەوە و ڕێککەوتنەکانی پێشێلکردووە.
لە نوێترین لێدوانیشدا ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند، عێراق پابەندە بە ڕێزگرتن بە یاساکانی دراوسێیەتی لەگەڵ تورکیا و دووپاتیشیکردووەتەوە کە هەماهەنگی دیبلۆماسی و چارەسەری سیاسی دوو ڕێگەن بۆ گەیشتن بۆ ڕێککەوتنی هێرشەکان کە تاک لایەنانە لەلایەن تورکیاوە دەکرێنە سەر عێراق.
بە کەناڵی عەرەبیە حەدەسی ڕاگەیاندووە، عێراق بژاردە و کارتی بەهێزی لەبەردەمدایە بۆ وەڵامدانەوەی تورکیا، بەڵام ئاسایش و ئاشتی لەگەڵ تورکیا لەم قۆناغەدا لەبەرچاوگرتووە و ئەگەر ناچاربێت، لە داهاتوودا دەست بۆ کارتەکانی دەبات.
ک.س
Comments are closed.