مامۆستایەکی زمانی کوردی ١٠ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپا

دوێنێ داداگای شۆڕشی دەسەڵاتی ئێرانی لقی سنە، ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر ‘زارا محەمەدی’ مامۆستای زمانی کوردی-دا سەپاند.

بەپێی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دادگای دەسەڵاتی ئێران، ئەو ١٠ ساڵ زیندانەی بەسەر مامۆستایەکی زمانی کوردی’دا سەپاندووە، پاساوی “پێکهێنانی گروپ و دەستە بە ئامانجی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی” بۆ هێناوەتەوە.

بەپیی هەواڵەکە، ئەم سزایەی بۆ زارا محەمەدی بڕاوەتەوە، لە کاتێکدایە کە ئەم مامۆستایە جگە لە چالاکیی مەدەنی و فێرکاری زمانی کوردی بە منداڵان هیچ چەشنە چالاکییەکی دیکەی نەبووە و دامەزراوە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێران بۆ ئەو تۆمەتەی خستوویانەتە پاڵ، هیچ بەڵگەیەکیان نیشان نەداوە.

جێگای ئاماژەیە، زارا محەمەدی، کە تەمەنی ٢٩ ساڵە و چالاکوانێکی مەدەنیی و مامۆستای زمانی کوردییە، هاوکات ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی ئەنجومەنی نۆژین بووە، ڕۆژی ٢٣ی مانگی ٥ی ساڵی ٢٠١٩، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە لە ماڵی باوکی دەستگیرکرابوو.

س.ح

Comments are closed.