خانەنشینانی کرماشان سفرەی خاڵییان ڕاخست

ئەمڕۆ لە شارە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خانەنشینان هاتنە سەر شەقامەکان، خانەنشینانی شاری کرماشان-یش سفرەی خاڵییان ڕاخست.

لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک؛ تاران، مەشهەد، تەبرێز، کرماشان، ئیلام، ئەراک، ئەهواز، کەرەج و ئیسفەهان، خانەنشینانی فەرمانگەی ‘دەستەبەری کۆمەڵایەتی’، ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای مافەکانیان کرد.

لە شاری کرماشان خانەنشینان بە ڕاخستنی سفرەیەکی خاڵی لە شەقامی بەردەم فەرمانگەکە، بە شێوەیەکی جیاواز ناڕەزایەتییان نیشاندا و داواکارییەکانیان هێنایە زمان.

ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو هێزێکی دەمامکدار کە دەوترێت ٢٠٠ کەس بوون، هێرشیان کردووەتەسەر دوکانداران و کاسبەکانی بازاڕی کرماشان و تابڵۆ و چادری دوکانەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە و لە دوکانداران و کاسبەکانیان داوە.

هاوکات ئەمڕۆ مانگرتنی کرێکارانی هەفت تەپە، پێی نایە دووەمین مانگەوە و کرێکاران بە هاتنە سەر شەقامەکان داوای مافەکانیان کرد، مانگرتنی کرێکاران لە ٣١ـەمین ڕۆژیدا بەردەوامە.

س.ح

Comments are closed.