ئیسرائیل: بڕیاری ڕاگرتنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە نائومێدمان دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕادیۆی “ماکان”ـی وڵاتەکەى ڕاگەیاند، بڕیارەکەى ئەمریکا لەبارەى ڕاگرتنی چەک بۆ ئیسرائیل قورسە و نائومێدمان دەکات، دەشڵێت، ئەو هەنگاوەى ئەمریکا ئاستەنگ بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەربازییەکانمان درووست دەکات.

جلعاد ئیردان نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک یەکەم بەرپرسی ئیسرائیلی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمریکا لەبارەى ڕاگرتنی  چەک بۆ وڵاتەکەى دەربڕى و بەمجۆرە بۆ ڕادیۆی “ماکان”ـی ئیسرائیل دوا.

جلعاد ئیردان ڕایگەیاند، بڕیارەکەى ئەمریکا لەبارەى ڕاگرتنی چەک بۆ ئیسرائیل قورسە و نائومێدمان دەکات.

نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتوشیەتى، ئەو هەنگاوەى ئەمریکا ئاستەنگ بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەربازییەکانمان درووست دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد،  ئێمە ئامرازی پێویستمان هەیە بۆ چوونە ناو شاری ڕەفەح بەبێ هاوکاری ئەمریکا.

ئەمە لەکاتێکدایە، چەند جارێک بەرپرسانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەى جیهان لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییەکان هۆشداریاین دایە ئیسرائیل، کە هیرش نەکاتە سەر ڕەفح بەهۆی بونی زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە لەو شارەدا، بەڵام دواجار ئیسرائیل چەند ڕۆژێکە لەڕێگەى زەمینى و ئاسمانى هێرش دەکاتە سەر ئەو شارە.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

ڕ.ش

Comments are closed.