پاکستان: ئێران هەوڵدەدات گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا کەمبکاتەوە

شەممە, 18 ينا 2020 – 12:28  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

دوێنێ شاهـ مەحمود قوڕەیشی وەزیری دەرەوەی پاکستان کە هەفتەی ڕابردوو سەردانی ئێرانی کردبوو، دوای سەردانی سعودیە گەیشتە ئەمریکا و لەگەڵ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، قوڕەیشی نەیوتووە کە پەیامی کاربەدەستانی ئێرانی بە کاربەدەستانی ئەمریکای داوە، بەڵام ڕایگەیاندووە کە ئێران بەنیاز نییە گرژییەکان زیاتر بکات و دڵنیام لەوەی هەوڵدەدات گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا کەمبکاتەوە.

قورەیشی کە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەتەوە، ڕایگەیاند: کاربەدەستانی ئێران شەڕیان ناوێت و نایانەوێت خوێنێکی زیاتر بڕژێت، ئەوان ئامادەی باشترکردنی پەیوەندییەکانیانن لەگەڵ سعودیە و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکە.

دوابەدوای توندبوونەوەی گرژیەکانی ئیران لەگەڵ ئەمریکا و بەم دواییانەش لەگەڵ ئەوروپا، هەندێک وڵات هەوڵدەدەن بە ناوبژیوانی کردن پێش لە پەرەسەندنی گرژییەکان و هەڵگیرسانی شەڕ بگرن، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری دەرەوەی پاکستان وەک دەستپێشخەرییەک دوای سەردانی ئێران و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، لەگەڵ کاربەدەستانی سعودیە کۆبووەتەوە و پاشان سەردانی ئەمریکای کردووە.

س.ح

Leave A Reply