هەینی, 3 ينا 2020 – 14:44 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکی ئەمریکادا، قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس-ی ئێران و چەند بەرپرسێکی حەشدی شەعبی لە نزیکەی فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران، ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆو جیهانی بەدووادا هاتووە.
لە شارەکانی کرمان، تەبرێز، هەمەدان، چەندین کەس لە دوای نوێژی هەینی و بە دروشمەکانی “ئەمڕۆ شینە و حاجی سولەیمانی لای خودایە – مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل” و بە پۆشینی جلوبەرگی ڕەشەوە ڕژاونەتە شەقامەکان و ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
هەرچەندە ئێران بە فەرمی سێ ڕۆژ پرسەی ڕاگەیاندووە، بەڵام هەزاران کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دڵخۆشی خۆیان بە کوشتنی سولەیمانی دەربڕیوە، هەندێک دەڵێن “سولەیمانی تاوانی زۆر بووە و بەمافی خۆی گەیشتووە”.
کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس عێراقیشی کردووە بە دووبەشەوە، هەرچەندە سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەتی کاربەڕێکەر و کەسایەتیی و سیاسییەکانی شیعە هێرشەکەیان ئیدانە کرد و بە دوژمنکارانە ناویان هێنا، بەڵام بەشێکیش لە عێراقییەکان لە شەقامەکاندا ئاهەنگیان گێڕا، بۆ ئەوەش دەیانوت “سولەیمانی دەستێوەردانی زۆری لە عێراقدا کردووە و پشتیوانی حزبە سیاسییەکان بووە لە دژی خواستی گەلانی عێراق”.
س.ح