سالار باسیرە: داگیرکاریی تورکیا دەکەین بە ڕۆژەڤێکی جیهانیی

سالار باسیرە، ئەندامی شاندی ئاشتی ڕایدەگەیەنێت، داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، دەکەینە ڕاپۆرتێک و دەیگەیەنینە، ناتۆ، نوێنەرایەتی یوئێن لە ئەمریکا و عێراق، هاوپەیمانی ئەتڵەسی و باڵیۆزخانەی وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هەروەها دەرئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا دەکەین.

شاندی ئاشتیی بۆ پاراستنی کوردستان، کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە هاتنە کوردستان، لە پێناو ئاشتی دژی داگیرکاریی، بەتایبەتی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر کوردستان، دوای تەواوبوونی کارەکانیان گەڕانەوە بۆ ئەوروپا و لە ئێستادا تەنها سالار باسیرە توێژەری سیاسی، وەک نوێنەری شاندەکە لە کوردستان ماوە و ئەو دەرئەنجامانەی کە شاندەکە پێیگەشتوون دەیکاتە ڕاپۆرتێک.

شاندەکە لە حەوت کەسایەتیی کورد و بیانیی پێکهاتبوون، کە نوێنەرایەتی ١٠٠ڕێکخراو دەکەن، بە ئامانجی ڕاگرتنی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، لەسەر باشووری کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان، هاتنە هەرێمی کوردستان.

لەبارەی ئەو دەرئەنجامانەی کە شاندە لە هەرێمی کوردستان پێیگەشتوون و دەیکەنە ڕاپۆرت بۆ ڕای گشتی جیهان، سالار باسیرە توێژەری سیاسی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

-شاندی ئاشتی کێن؟

“ڕاپۆرتی خۆیان بەرزدەکەنەوە بۆ ناتۆ و نەتەوەیەکگرتووەکانی ئەوروپا”

سالار باسیرە: شاندەکەمان پەیامی ئاشتیی پێیە دژی داگیرکاریی بەتایبەتی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردستان، یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەمان نوێنەری ڕێکخراوی پێشکەوتنی نێودەوڵەتیی بوو، کە وەک چەترێک زیاتر لە ١٠٠ڕێکخراو لە ژێریدا کۆبوونەتەوە، پەیوەندییان بە بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکانەوە هەیە لە ئەمریکای لاتینەوە تا ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوان ڕاپۆرتی خۆیان بەرزدەکەنەوە بۆ ناتۆ و نەتەوەیەکگرتووەکانی ئەوروپا.

-ئەو ڕاپۆرتەی ئامادەی دەکەن پێشکەشی کێی دەکەن؟

“دەرئەنجامی ڕاپۆرتەکەش بۆ ڕای گشتی جیهان دەخەینەڕوو”

سالار باسیرە: لێرە ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەین و بە چوار زمانی جیاواز وەرگێڕی دەکەین، دواتر ئاڕاستەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەکەین لە ئەمریکا و عێراق و هاوپەیمانی ئەتڵەسی و باڵیۆزخانەی وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی کە گرنگی بە ئاشتیی دەدەن دژی داگیرکاریی، دەرئەنجامی ڕاپۆرتەکەش بۆ ڕای گشتی جیهان دەخەینەڕوو.

-ئەو دەرئەنجامانە چین کە شاندی ئاشتی لێرە پێیگەیشتوون؟

” گوندی واهەبووە پەدەکە ڕێگری کردووە خواردەمەنی ببەنە گوندەکانیان”

سالار باسیرە: ئێمە بە هەندێک دەرئەنجام گەشتین، لەگەڵ هەدەپە دانیشتنمان کرد لە هەولێر گلەیی و گازندەیان زۆر هەبوو لە پەدەکە، کە مۆڵەتی مانەوەیان ناداتێ، هەروەها لەگەڵ پەیەدەش دانیشتین و ئەوانیش پێیان ڕاگەیاندین کە قەدەغەیە بۆیان بارەگا لە هەولێر دابنێن تەنها لە سلێمانی دەتوانن بەهۆی ڕێگری پەدەکەوە، هەروەها پەرلەمانی هەرێم تا ئێستا هیچ بەیانێکی دەرنەکردووە بۆ ئیدانەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، ئەگەر هەشبێت زۆر شەرمنانە بووە.

هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە ١٠٠ بارەگای سەربازی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان هەیە و چەندین گوند چۆڵکراون، هەروەها گوندی واهەبووە، کە پەدەکە ڕێگریی کردووە خواردەمەنی و پێداویستی ببەنە گوندەکانیان و وتوویانە ئەمانە بۆ پەکەکە دەڕوات، ئێمە لەگەڵ نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەرپرسەکانیان دانیشتین و ئەمانەمان باسکرد، وتیان ئێمەش چاودێریی هەموو شتەکانمان کردووە و دەیکەین.

-تاکەی لە کوردستان دەمێننەوە و پلانتان چییە؟

“دەمێنمەوە و ڕای خەڵک وەردەگرم لەسەر داگیرکاریی”

سالار باسیرە: من هەتا دوو مانگی دیکە لێرە دەمێنمەوە و ڕاپۆرتەکە ئامادە دەکەم، چەندین ڕێکخراو و کەسایەتی و لایەن هەن کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامبدەم، هەروەها ڕای گشتی خەڵک وەردەگرم لەسەر گلەیی و گازندەکانیان لەسەر داگیرکاریی و حکومەتی هەرێم.

 

س.س

 

Comments are closed.