شەممە, 8 أبر 2017 – 10:51
ڕۆژنیوز – بۆکان
٣٥ ڕاوچی شاری بۆکان-ی سەر بە پارێزی ئورمیە-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ١٠٠ کەویان ئازادکرد و قەفەسەکانیان سوتاندن، بڕیاریشیاندا- کە ئیتر واز لە ڕاوکردن بهێنن و لەگەڵ ژینگەی وڵاتی خۆیان ئاشت ببنەوە.
دوێنی له چالاکییەکی بێ وێنەدا، ۳٥ ڕاوچی شاری بۆکان-ی سەر بە پارێزگای ئورمیە-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان له بڕیارێکی مێژووییدا له کێوی بەردەزەرد کۆبوونەوە و به ئازاد کردنی زیاتر له ١٠٠ کەو له قەفەس و سوتاندنی قەفەس و کەلوپەلی ڕاو، بڕیاریان له سەر ئەوە دا، که بۆ هەمیشە واز له ڕاوکردن بێنن و له گەڵ ژینگەی وڵاتی خۆیان ئاشت ببنەوە.
ئەو چالاکییە ژینگەپارێزییە کە بە سەرپەرشتی فەرمانگەی ژینگەپارێزیی بۆکان و بە بەشداری ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی وڵات و ناوەندی داکۆکی له ژیانی وەحش و ئاوژیانی بۆکان (مەبەست لە داکۆکی لە ژیانی ئاژەڵی کێوی و ئاژەڵی ئاویی)ە، بەڕێوە چوو.
نوێنەری هەریەکە لەو ناوەند و رێکخراوانە وێڕای دەستخۆشی لەو ڕاوچیانە، داوایان لێکردن، که کەسانی دیکەش هان بدەن کاری هاوشێوەی ئەوان بکەن و هیوایان خواست که ئەم کارە پیرۆزه هەموو وڵات بگرێتەوە و ببێت به دەستپێکێک بۆ هەموو ناوچەکانی دیکه.
جێگای ئاماژەیە، که ئەمە یەکەم جارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینرێت ئەژمارێکی وەها زۆر به یەکەوە بڕیاری دەستهەڵگرتن له ڕاو بدەن و به یەکەوە پەلەوەرەکان ڕزگار بکەن و کەرەستەی ڕاوەکەیان بسوتێنن.
ش.ف